گوتەبێژی دەم پارتی: هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەدەین

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

ترسی لەدەستدانی دەنگ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وایکردووە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستبەرداری پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی نەبن بۆ ئەوەی بتوانن لە زۆرترین شارەوانیدا نوێنەرایەتییان هەبێت. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، دوابڕیار لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 16ـی ئەم مانگە دەدرێت و ئەنجوومەنی پارتەکەیان یەکلایی دەکاتەوە.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان و بە کورتکراوە نوێکەی (دەم پارتی) بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشنیازکراوە لە هەموو پارێزگاکان بە کاندیدی خۆیان بەشداری بکەن بەڵام ئەمە تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە و دەیانەوێت سەرکەوتن لە هەموو پارێزگاکاندا بەدەستبێنن.

گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت ئیرادەی دەنگدەر جارێکی دیکە بگەڕێننەوە و ئەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنی رابردوو تێیدا سەرکەوتووبوون و ئێستا لەلایەن قەییومەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جارێکی دیکە وەربگرنەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پێشتر ئیی پارتی رەتیکردەوە لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانیەتی پێکبهێنێت بەڵام ئاک پارتی و جەهەپە تا ئێستا دەستبەرداریی خۆنزیککردنەوە لە دەم پارتی نەبوون، لەبەرامبەردا دەم پارتی دەڵێت، هەر جۆرە هاوپەیمانیەتییەک بکەن پێویستە لەبەردەم کامێراکان و خەڵکی تورکیا بێت چونکە لە هەڵبژاردنی رابردوو ئەزموونی تاڵیان هەبووە و دژی رێککەوتنی ژێربەژێرن.