جەنگی جەلال: بە کەرنەڤاڵی ساڵانەی عود ویستمان شوناسی ئەو ئامێرە کوردیە بپارێزین

جەنگی جەلال لەنێو میوزیکژەنانی عود
جەنگی جەلال لەنێو میوزیکژەنانی عود

K24- هەولێر :

حەوتەمین کەرنەڤاڵی ساڵانەی عود لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمجاریشە لە کەرنەڤاڵێکی  میوزیکدا وەک دیاری ئامێری میوزیک بە جەماوەر ببەخشرێت.

جەنگی جەلال رێکخەر و سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی ساڵانەی عود بە کوردستان 24 ی راگەیاند: مەبەستمان لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی ساڵانەی عود، پاراستنی شوناسی ئامێری عودە وەکو ئامێرێکی کوردی لە چوارچێوەی پاراستنی هونەری کوردی.

رێکخەری حەوتەمین ڤیستیڤاڵی کەرنەڤاڵی ساڵانەی عود ئاماژەی بەوە کرد، ژەنیارانی عود لە کوڕان و کچان هەوڵیاندا چەندین میلۆدی کوردی و جیهانی بژەنن، لەگەڵ ئەوە بە دەنگیش لەگەڵ جەماوەر بەشداری بکەن لە رێگەی ئەو تێکستەی کە بە جەماوەر درا بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپە میوزیکیەکە گۆرانیەکان بڵێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ کوردستان 24، جەنگی جەلال گوتی: هەڵماندا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی دیکە، ژمارەیەک ئامێری عود و سازمان کردە دیاری ئەو جەماوەرەی هاتنە ڤیستیڤاڵەکە، لەگەڵ ئەوەش شکۆی میوزیک و میوزیکژەنان بپارێزین بەوەی لە هۆڵێکی جوان و رۆیشتن بەسەر فەرشی سوور و، وێنەگرتن لە پشتی فلێکسی ڤیستیڤاڵ، دیمەنی جوانی میوزیکژەنان نیشان بدەین.

جەنگی جەلال ئاماژەی بەوە کرد، هەر ساڵێک بە کاری نوێتر و پرۆژەی جوانتر، بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری میوزیکی کوردی، بەردەوامی بدەین بە ئەنجامدانی ئەو ڤیستیڤاڵەی عود.

 

کارزان حەیدەر