نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق موژدەی بۆ یانەكانی كوردستان پێیە

چیایی تەیمور پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
چیایی تەیمور پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

چیایی تەیمور پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاند یەكەم كەس بووە هەوڵی پێدانی شایستە داراییەكانی چوار یانە كوردستانییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراقی داوە، دەشڵێت: سەرۆكوەزیرانی عێراقم ئاگاداركردەوە ئەگەر پارەی یانەكانی هەرێمی كوردستان نەدەن رەنگە لە خولەكانی عێراق بكشێنەوە.
لەبارەی ئەگەری پێدانی پشكی یانە كوردستانییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق، چیایی تەیمور سەرۆكی لێژنەی لاوان و وەرزش لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند كە پێشتر لە رێككەوتی 1/10/2023 نووسراوێكی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و داوای كردووە هاوشێوەی یانەكانی دیكەی عێراق بودجەی چوار یانە كوردییەكان (هەولێر، دهۆك، زاخۆ و نەورۆز) بدرێت.
چیایی تەیمور دەشڵێت: لە چاوپێكەوتنێكدا بە سەرۆكوەزیرانی عێراقم راگەیاند یانە كوردییەكان دۆخی دراییان زۆر خراپە، ئەگەر بێبەش بكرێن لەو بودجە رەنگە لە خولەكانی عێراق بكشێنەوە ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر وەرزشی عێراق دەبێت، چونكە جۆرێك لە نادادپەروەری و زوڵمە لە یانە كوردییەكان دەكرێت و بەخراپ بەسەر ئەو حكوومەتەشدا دەشكێتەوە.
چیایی تەیمور لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد دوێنێ چوارشەممە بەپشتبەستن بەم نووسراوەی كە پێشتر بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراقی ناردووە، محەمەد شیاع سودانی نوسراوی بۆ ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران ناردووە كە رێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ پێدانی بودجەی یانە كوردییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق.
چیایی تەیمور گوتیشی: لەگەڵ نوێنەران و بەرپرسانی كوردی بەغدا لەسەرهێڵم بۆ ئەوەی رێگری لە هەر بەربەستێك بكەین كە دێتە بەردەم ئەم پرۆسەیە، لەم پێناوەشدا لەگەڵ دكتور فواد حوسێن قسەم كردووە، هەروەها لەگەڵ فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بابەتەمان تاوتوێ كردووە، لەگەڵ دكتۆر شاخەوان جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و دكتۆر فەرهاد نیعمەتەاللە جێگری ئەمینداریی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش قسەم كردووە.
چیایی تەیمور جەختی لەوە كردەوە كە زۆر گەشبینە لەسەر پێدانی بودجەی یانە كوردستانییەكان، دەشڵێت: پێموایە رەزامەندی لەسەر پێدانی بودجەی چوار یانەكانی كوردستان دەدرێت كە بڕەكەی لە نێوان 3 بۆ 4 ملیار دینارە، بەمەش لە داهاتوو یانە كوردییەكان چیتر بۆ پارە ناچار نابن لە دەرگەی كۆمپانیا و سەرمایەداران و حیزب بدەن، یان لەسەر بودجەی پارێزگایەكان یانەكەیان بەڕێوە ببەن.