هێمن سەید موراد: له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی نه‌فه‌س، 20 هەزار نەمام له‌ توركیاوه‌ گەیشتە هەولێر

K24 - هەولێر:

لەچوارچێوەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی نەفەس بۆ سەوزکردنی ژینگە، کە بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، 20 هەزار نەمام گەیشتە شاری هەولێر.

لەمبارەیەوە هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو نەمامانەی لە تورکیاوە هێنراون، جۆراو جۆرن و بەپێی پلەی گەرمی و جۆرەکانیان دابەشی ناوچە جیاوازەکان دەکرێن، بۆ ئەوەی بچێندرێن.

گوتیشی، بڕیارە لەچوارچێوەی پڕۆژەی نەفەس، 47 هەزار نەمام لەتورکیاوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێن و ئه‌مڕۆ 20 هه‌زاری گه‌یشت.

پڕۆژەی نه‌فه‌س بۆ چاندنی نزیکەی 47 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزان پێشتر بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ کونسوڵخانەی توركیا لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و رۆژی 23-11-2023، پڕۆژەكه‌ لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.

ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوایە لە هەرێمی کوردستان.

لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نەمامەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا، بۆ  هەماهەنگی و پاڵپشتی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دابینکراون.