نووسەرێك: بنەماڵەی تاڵەبانی كۆی جومگەكانی یەكێتی بەڕێووە دەبەن

"قادر عەزیز چی دەگۆڕێت؟ حزبی ئایندەت بۆچیە؟ ئەم هێزە بچوكانە ڕێبازی خۆیان وەك گۆرەویەكانیان دەگۆڕن"

K24 - ھەولێر

لە وتارێكدا لەسەر رەوشی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان عەزیز رەئووف نووسیویەتی: "ئێستا بنەماڵەی تاڵەبانی كۆی جومگەكانی بەڕێوەبردنی ئەم هێزەی لەبەر دەستە و پاشگری " تاڵەبانی" بۆ زۆرێك لەم هێزەدا نیعمەتێكی گەورەیە. شەڕی جێگری سكرتێری ئەم پارتەش بۆ ئەوە نیە ئەم پارتە لە بنەماڵە پاك بكاتەوە، بەڵكو شەڕە بۆ ئەوەی كوڕەكانی وەزیر و سەركردایەتی بن. سەرۆك كۆماریش لە بەغدا پۆستەكەی وەك پێدراوێكی بنەماڵە دەبینێت و كچ و خزمەكانی ڕاوێژكارن".

لەبارەی چوونی قادر عەزیز بۆ ریزەكانی یەكێتی دەڵێ: "حزبی ئایندەت بۆچیە؟ قادر عەزیز چی دەگۆڕێت؟ قابیلە ئادەم سمس و كسنجەر هاتبنە ناو ڕیزەكانتەوە؟ چۆن بەناوە چل ساڵ زیاترە گەنج پەروەردە دەكەی بەڵام لەولاوە پۆستی گەورە بە ئەندامی حزبە بچوكەكان دەدەی؟ چل ساڵە چەندین نەوە قوربانیت بۆ دەدەن چۆن بەسەر كەس و كاری شەهیدەكانتەوە خەڵكانێكی تر بەتاڵ و حەتاڵ و سەرقاڵبوو بەدوای پۆست و ئیمتیازاتدا دەكەیتە بەرپرس بەسەر كۆی ئەندام و لایەنگرەكانتەوە. كە فكر نەما بەدوای فریادرەسدا دەگەڕێی. كە هیچت نەما بۆ وتن چاوەڕێی خەڵكانێكی تر لەدەرەوە بێت و باڵی جەستەیەكی شەكەت بەرز بكەنەوە، بێئاگا ئەوەی ئەم هێزە بچوكانە ڕێبازی خۆیان وەك گۆرەویەكانیان دەگۆڕن، ئەوەی مێژووی حزبە بچوكەكەی وەك شۆرتەكەی ژێرەوە توڕهەڵبدات سیقەی ئەوەی پێناكرێت برینەكانت ساڕێژ بكات".

ئەو نووسەرە كە خۆی بێ لایەن نیشاندەدات، بەڵام لەم نووسینەدا بەخەمی راگەیاندنی یەكێتیەوەیە و نووسیویەتی: "یەكێتی لەبەردەم میدیایەكدایە زۆر لاواز و بێكاریگەریە. كەناڵە ئاسمانیەكانی ئەم هێزە، ڕۆژنامە و ڕادیۆكانی ئەوەندە لاوازن سەیرت لێدێت سەردەمێك ئەم هێزە بە ڕادیۆیەكی شڕەوە شۆڕشی میللەتێك بووە. ئێستا یەكێتی بەم هەموو میدیایەوە كەس نازانێت دەیەوێت چی بڵێ. كە تۆ لەدوای ڕاپەڕین خاوەنی یەكەم تەلەفزیۆن بیت، ئەم هەموو شاشە لاوازە بۆ ناتوانێت هیچ لە دنیای تۆ دەسكاری بكات؟".

ھەروەھا لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا عەزیز رەئوف دەڵێ: "چل ساڵە یەكێتی یەك دەم و چاو حوكمی دەكات. دامەزرێنەرانی ئەم پارتە لە بیستەكانی تەمەنیاندا بوون، ئێستا پیر بوون ئامادە نین مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەم پارتە بۆ نەوەیەكی نوێ ( ئەگەر هەبێت) جێبهێڵن جاران سه‌ركردایه‌تی یه‌كێی شتێكیان ده‌وت كه‌ خه‌ڵكی نه‌یانده‌زانی، ئێستا سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسانی ئه‌م پارته‌ چی ده‌زانن كه‌ خەڵك نایزانن؟".