بەهای بازاڕیی کۆمپانیای ئەپڵ زیاتر لە سێ تریلیۆن دۆلارە و پشکەکانی لە ئاستێکی پێوانەیی نوێدایە

باڵەخانەی سەرەکی کۆمپانیای ئەپڵ
باڵەخانەی سەرەکی کۆمپانیای ئەپڵ

K24 - هەولێر:

هەرچەندە لە خولی مامەڵەکانی رۆژی هەینی، پشکی کۆمپانیایی ئەپڵ بە دابەزینی نزیکەی 0.3% کۆتایی بە مامەڵەکان هێنا، بەڵام بەهای پشکەکەی لە ئاستێکی پێوانەیی نوێ بە 197.57 دۆلار کۆتایی بە مامەڵەکانی هێنا، بەمەش بەهای بازاڕیی کۆمپانیای ئەپڵ لە سەرووی سێ تریلیۆن دۆلار مایەوە.

ئێستا بەهای بازاڕیی کۆمپانیایی ئەپڵ لە رووی قەبارەوە جیا لە شەش گەورە ئابووری جیهان لە هەموو ئابوورییەکانی دیکە گەورەترە.

بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، گەورەترین ئابووری جیهان لەسەر بنەمای کۆی بەرهەمی ناوخۆیی دیارکردووە، بەهای بازاڕیی کۆمپانیای دروستکەری ئایفۆن تەنیا لە ئابووری شەش وڵات کەمترە، ئەمەریکا ئابوورییەکەی 26.95 تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت لە پلەی یەکەمدایە، چین بە 17.70 تریلیۆن دۆلار پلەی دووەمی گرتووە.  

ئەڵمانیا لە پلەی سێیەمی گەورەترین ئابووری جیهاندایە بە 4.43 تریلیۆن دۆلار، دوای ئەویش ژاپۆن دێت بە 4.23 تریلیۆن دۆلار، پاشان هیندستان بە 3.73 تریلیۆن دۆلار، لە پلەی شەشەمدا بەریتانیایە کە ئابووریەکەی 3.33 تریلیۆن دۆلارە.

قەبارەی ئابووری فەرەنسا لە پلەی حەوتەمدایە، بچووکترە لە کۆمپانیای ئەپڵ کە ئابوورییەکەی 3.05 تریلیۆن دۆلارە لە کاتێکدا بەهای بازاڕی ئەپڵ 3.07 تریلیۆن دۆلارە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە پشکی کۆمپانیاکە نزیکەی 55% بەرزبووەتەوە.