بەرێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر: هاووڵاتیی سکاڵا لە بریکارەکانی خۆراک بکات، لێپرسینەوە لەگەڵ بریکارەکە دەکرێت
K24 – هەولێر :
بەرێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا 10 بەشە خۆراکیان بەسەر هاووڵاتیان دابەشکردووە کە ئێستا لە بەشی دەیەمینە، لە ماوەی ساڵێکیشدا چەند سکاڵایەکی هاووڵاتیانیان وەرگرتووە و رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر ئەو بریکارانە گرتۆتە بەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 21-ی کانوونی یەکەمی 2023)، دلێر عەبدولواحید بەرێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24 ی راگەیاند: لە ساڵی 2023 تاوەکو ئێستا 10 بەشە خۆراکیان بەسەر هاووڵاتیانی شاری هەولێر و دەوروبەری دابەشکردووە لە ( برنج، شەکر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، نیسک و ئاری نۆک) ، دەشڵێ: هەندێ مانگ بابەتی ( نیسک) دەگۆڕێ بۆ ( فاسوڵیا یاخود بابەتێکی دیکە)، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی مانگانە شەش بابەتی خۆراک دابەشدەکەن بێ کەموکوڕی.
بەرێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوەش کرد ، لەناو شاری هەولێر 30 بنکەی دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکیان هەیە کە یانزە بنکە لەناو شارە، ئەوانەی دیکەش دەکەونە دەوروبەری شار، یەک ملیۆن و 961 هەزار هاووڵاتیش لە شاری هەولێر لەو بەشە خۆراکە سوودمەند دەبن کە لەرێگەی 2100بریکاری خۆراک لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحیەکان تا دەگاتە حاجی ئۆمەران بەسەریان دابەش دەکرێت.
دلێر عەبدولواحید دەڵێ: هەر ئەوساڵ چەند سکاڵایەکی جۆراوجۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە بریکارەکانی خۆراک کراوە و داویانە بە بەرێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لەبارەی وەرگرتنی پارەی زیاتر لێیان لەلایەن ئەو بریکارانەی خۆراکەوە، دووپاتیکردەوە پاش ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ سکاڵاکانی هاووڵاتیان کردووە، سکاڵاکانیان بەرزکردۆتەوە بۆ چاودێریی بازرگانیی، دەشڵێ: بریکارەکانی سکاڵایان لێکراوە، لە چاودێریی بازرگانیی بانگکران و هەندێکیان بە پێبژاردنی بڕێک پارە سزادران، هەندێکی دیکەیان بەڵێننامەیان لە فەرمانگەکانی دادنووسی لێوەرگیرا و ئەوانی دیش هۆشداریان پێدراوە.
ئەو بەرێوەبەرە دەڵێ: بۆ ئەوەی کاروباری بریکارەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەرێکوپێکی بەردەوام بێت، سکاڵای هاووڵاتیان وەردەگرن و بەدواداچوونی وردیش بۆ کێشەکان دەکەن کە لە سکاڵاکان ئاماژەی بۆ دەکرێت.
بەرێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: بۆ ساڵی دادێ چاوەڕێی ئەوە دەکرێت، کوالێتی بابەتەکانی خۆراک باشتر بکرێت و بابەتەکانیشی گۆڕانکاری بەسەردا بێت ، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ئەو بابەتە نەوروژێندراوە.