پەیوەند جاف: شەماڵ سائیب داوای لێکردم وەک کۆرس بەشداربم لە گۆرانییەکیدا

پەیوەند جاف
پەیوەند جاف

K24 - هەولێر

پەیوەند جاف لەم گفتوگۆیەی "كوردستان24"ـدا باس لە نوێترین كاری هونەری خۆی دەكات بە ناوی "دە مەچۆ".

پەیوەند جاف لە سەری ساڵی نوێدا "دە مەچۆ" بڵاو دەكاتەوە و لە دیمانەیەکدا نوێدا بۆ كوردستان24 دەڵێت، لە چەندە رۆژی ئایندەدا نوێترین بەرهەمی گۆرانی خۆی بەناوی "دە مەچۆ" بڵاو دەكاتەوە. گوتیشی، ئاواز و هۆنراوەی ئەم گۆرانیە فۆلكۆری ناوچەی شارەزوورو هەورامانە.

كوردستان24: نوێترین كاری هونەریت چییە؟

پەیوەند جاف: نوێترین كاری هونەریم گۆرانیەکە ئاواز و هۆنراوەی فۆلكۆری ناوچەی هەورامان و شارەزوورە كاری دەنگ و مۆزیكی لە ئێران بۆ كراوە، پێشتریش گۆرانیەكی دیكەم بڵاوكردەوە بەناوی (نایەمەوە) كە تێكستی مازیار فایەقە و كاری وێنەگرتن ‌و ڤیدۆكلیپی لەلایەن بڕیار فەتاحەوە بۆ كراوە.

كوردستان24: ئاوازت بۆ چەند لە گۆرانیەكانت داناوە؟

پەیوەند جاف: سێ بۆ چوار ئاوازم بۆ گۆرانیەكانم داناوە، زۆر خۆم بە ئاوازەوە سەرقاڵ نەكردووە؛ كاتەكانم تەرخانكردووە بۆ چۆنییەتی گۆرانی گوتن.

كوردستان24: چۆن بوو لە تەمەنی 10 ساڵیدا هونەرمەند شەماڵ سائیبت بینی؟

پەیوەند جاف: نەزیرەخانی هاوسەری شەماڵ سائیب خزمی دایكمە، بەو هۆیەوە هەردوولامان بانگێشتی ماڵی بوورم كرابووین؛ بەوشێوەیە لە تەمەنێكی زۆر منداڵی شەماڵ سائیبم بینی. داوای گۆرانیەكی لێ كردم منیش گوتم زۆری پێخۆش بوو داوا لە باوكم كرد. گوتی: با بێت لەگەڵم بۆ تەلەڤزیۆن گۆرانی (ئەرێ لەیلی) دەڵێم با ئەویش وەك كۆرس بەشدار بێت.

كوردستان24: بۆچی حەزێكی زۆرت بۆ بینینی حەمە جەزا، كەریم كابان، ئیبراهیم خەیات ‌و حەسەن گەرمیانی و قادر كابان هەبووە؟

پەیوەند جاف: هەموو ئەو هونەرمەندانەی باستكردن گۆرانیەكانیان یادگاریەكی تایبەتیان لەلای من هەیە، بۆ ئەو سەردەمانە ‌و ئێستاشی لەسەر بێت گۆرانیەكانیان لەگەڵمدان.

كوردستان24: لە ماوەكانی پێشتردا گوێت لەدەنگی هونەرمەندی فارس (گوڵپایگانی) دەگرت؛ بۆچی؟

پەیوەند جاف: بەڵێ زۆر ڕاستە من زۆر گوێم لە مقامەكانی سەید عەلی ئەزغەری كوردستانی ‌و گوڵپایگانی‌ و شەجەریان‌ و موعین گرتووە سوودێكی زۆرم لە مەقامەكانیان بینیووە لە ئێستا و ڕابردوودا.

كوردستان24: چۆن بوو لە بەغدا لەسەر تەختەی شانۆ یەكەم گۆرانیت گوت؟

پەیوەند جاف: ئەوكات ساڵی 1986بوو لە نادی سەڵاحەددین لە بەغدا، یەكەم جارم بوو لەسەر تەختەی شانۆ گۆرانی بڵێم، بیرم نایەت كام گۆرانیە بووە بەس دەزانم گۆرانییەكە مقامێكی فارسی بوو لەگەڵ بەستەیەكی گۆرانی كوردی.

كوردستان24: شێركۆ بێكەس پێش ئەوەی ببێتە خەزوورت نێوانتان چۆن بوو؟

پەیوەند جاف: مامۆستا شێركۆ بێكەس هاوڕێی باوكم بوو دەهاتە ماڵمان لە یەك گەڕەكیشدا دەژیاین لەدەركەزێن، دواتر بەڕێكەوت لە ئەڵمانیا‌ و لەكۆڕێكدا بینیم پاشان زیاتر نزیكبوینەوە‌ و هاوسەرگیرم لەگەڵ كچەكەیدا كرد.

كوردستان24: هەوڵت نەداوە هەریەك لەدوو منداڵەكەت وەك خۆت ببنە هونەرمەند؟

پەیوەند جاف: منداڵەكانم بەهرەی گۆرانی گوتنیان تێدایە، ئەوەش چۆن بەكاری دەهێنن پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە چی هەڵدەبژێرن.

كوردستان24: بڕیارت نەداوە بە یەكجاری بێتەوە كوردستان؟

پەیوەند جاف: حەوت ساڵ لە ئەڵمانیا و 23 ساڵیش لە وڵاتی سوید ژیاوم، پڕ بەدڵ حەزدەكەم بێمەوە بۆ كوردستان لە داهاتوودا بەیەكجاری هەر دێینەوە سلێمانی‌ و كوردستان.

كوردستان24: یادگاریەكانی منداڵیت لە گەڕەكی دەرگەزێن لەشاری سلێمانی چیت بیردەخەنەوە؟

پەیوەند جاف:هەر كات لەدەرەوەی وڵات بێمەوە بۆ سلێمانی سەردانی گەڕەكی دەركەزێن ‌و سەركارێز و گۆزەكان‌ دەكەم لەو گەڕەكانە گەورەبووم، دەمبەنەوە بەرەو یادەوەری منداڵی.