وەزارەتی بەرگریی تورکیا : لە ناوچەی قەڵغانی فورات پێنج چەکداری پەکەکەمان بە ئامانج گرت
K24 – هەولێر :
وەزارەتی بەرگری تورکیا، بە ئامانجگرتنی پێنج چەکداری پەکەکەی لە قەڵغانی فورات راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 23-ی کانوونی یەکەمی 2023)، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیاندراوێکدا، بە ئامانجگرتنی پێنج چەکداری پەکەکەی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فورات، لە باکووری سوریا راگەیاند.
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە باکووری سوریا، پێنج چەکداری پەکەکە کە لە ناوچەی قەڵغانی فورات ئامادەکارییان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر سوپای تورکیا، لەلایەن کۆماندۆکانی سوپای تورکیاوە بە ئامانج گیراون، ئاماژە بەوەش دەکەن، لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بەردەام دەبن هەتاوەکو یەک چەکداری پەکەکە مابێت.
ئاژانسی هەواڵی ( الحرة ) بڵاوی کردۆتەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کردووە ، بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، دوێنێ لەلایەن چەکدارانی پەکەکە هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆی ئەو هێرشەوە، شەش سەربازی تورکیا کوژراون، لە وەڵامی ئەو هێرشەش، سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە لە ناوچەکەدا.