تیمێکی ڤێتەرنەری لە باکووری کوردستانەوە دەگەنە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی هەولێر
K24 – هەولێر :
پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، تیمێکی ڤێتەرنەری کوردانی باکووری کوردستان گەیشتوونەتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی هەولێر و چەند رۆژێک بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵە بێلانەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ( 24-ی کانوونی یەکەمی 2023)، پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر راسپاردەی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، تیمێکی ڤێتەرنەری خۆبەخش لە کوردانی باکووری کوردستان گەیشتنە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی هەولێر و بڕیارە بۆ ماوەی چوار رۆژ بمێننەوە بۆ ئەوەی دەیان نەشتەرگەری بە تەکنیکیی نوێ و سەردەمیانە بۆ ئاژەڵانی ئەو شێڵتەرە ئەنجام بدەن.
وەک راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو تەکنیکی چارەسەریانە خزمەت بە پزیشکانی ڤێتەرنەری هەولێر دەکات لە پێدانی زانیاری.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر رایگەیاند: شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دروستکراوە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.
پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە بە شێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە".