زیا پترۆس: دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زۆر جیاوازە
K24- هەولێر :
کەسایەتیەکی سیاسیی کریستیان لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زۆر جیاوازە، دەشڵێت: ئێستا دەشتی نەینەوا بۆتە ناوچەیەکی سەربازیی و کریستیانەکانی ئەو ناوچەیە لە نا ئارامی و نا سەقامگیریدا دەژین.
ئەمڕۆ یەکشەممە ( 24- ی کانوونی یەکەمی 2023) ، زیا پوترۆس کەسایەتی سیاسیی کریستیانی لەبارەی دۆخی کریستیانەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە کوردستان 24 ی راگەیاند:
دۆخی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە. لە هەرێمی کوردستان رۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح زۆر بە گرنگی وەردەگیرێ ، دەشڵێت: لەدایکبوونی مەسیح نامەیەکە بۆ ئەوەی پرۆڤایەتی بە خۆشەیستی و ئارامی و سەقامگیری پێکەوەیی بژین، ئەو نامەیەی کریستیانەکان باوەڕیان پێی هەیە، لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری بە دۆخی پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی، بەتایبەتیش کریستیانەکان داوە لە هەرێمی کوردستاندا .
لەبارەی بەرێوەبردنی مەراسیمە ئاینییەکان، زیا پوترس گوتی: لە هەرێمی کوردستان بە ناوچە جیاواز و شارو شارۆچکەکان ،خەڵکی کریستیان بە ئارامی دەچنە نێو کڵێساکان، هەموو رێکارێکی پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەوێ بەرقەرار کراوە لەپێناو پاراستنی ژیانی ئەو خەڵکانەی بۆ مەراسیمەکان دەچنە نێو ئەو کلێسایانە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی مەراسیمەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، دەڵێت: لەوەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت چەندە گرنگیی بە بۆنە ئایینەکان دەدرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێچەوانەی بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق کە بەهۆی نا سەقامگیری ئاسایش، کریستیانەکان ئەو دەرفەتەیان نییە بەو شێوەی هەرێمی کوردستان مەراسیم و ئاهەنگەکان بەڕیوە ببەن.
لەبارەی دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەواش، ئەو کەسایەتیە سیاسییەی کریستیانەکان پێی وابوو کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دەتوانن رەوشیان بەر لە ساڵی 2017 ئەوکاتەی پێشمەرگە ناوچەکەیانی دەپاراست بەراورد بکەن لەگەڵ دوای ساڵی 2017، ئەو کاتەی زۆر با ئارامی لە سایەی پێشمەرگەدا ژیانی خۆیان بەسەر دەبرد لە ناوچەکەدا، دەڵێت: دوای راوەدوونانی داعش لە ناوچەکە، دەشتی نەینەوا بۆتە ناوچەیەکی سەربازیی بەهۆی بوونی ئەو هێزانەی لەوێن بەناوی جیا جیا، لەبەر ئەوەیە خەڵکی کریستیان ناتوانن بە ئارامی لە ناوچەکەدا بژین، هاتوچۆکردن لەنێوان گوندەکانی کریستیان نشینی دەشتی نەینەوا زەحمەت بووە بەهۆی ئەو بازگانەی لەنێوان گوندەکان داندراون و زەحمەتی بۆ خەڵک دروستدەکەن.
بەر لە 2003، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق دەگەیشتە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس، بۆهۆی رەوشی نائارامی عێراق زۆرینەی کریستییانەکانی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان، هەرچەند سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لەخۆ گرتنیان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و شەڕی داعشدا، بەڵام ناچاربوون زۆرێکیان کوردستانیش بەجێبێڵن و بچنە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ژیانکردن، ئێستا بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە، 300 بۆ 400 هەزار کریستیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.