دوای سەری ساڵی نوێ بەهای دیناری عێراقی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

K24 – هەولێر

شارەزایەکی دارایی و بانک رایگەیاند، دوای سەری ساڵی نوێ ئەگەر حکومەتی عێراق بتوانێت بڕیارەکانی لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار جێبەجێ بکات، بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت، ئەگەر نەشیتوانی ئەوە بکات، جارێکی دیکە بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار دادەبەزێتەوە.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانک بە کوردستان24ی گوت: "هۆکاری ناسەقامگیری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی هۆکاری سەرەکی بازرگانەکانن، چونکە بەهاکەی لە بانکی ناوەندی دیاریکراوە، کە یەک دۆلار بەرامبەر بە 132000 دینارە، بەڵام مامەڵەکردن بە دۆلار لە عێراق بووەتە بازرگانییەکی خێرا بۆ هەندێک بازرگان بەتایبەتی ئەوانەی سیاسییەکان و لایەنی هەرێمیان لە پشتەوەیە".

گوتیشی: "بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکان لانی زۆر دەبێ بە 137 هەزار دیناری عێراقی بێت، کە تەنیا پێنج هەزار جیاوازی هەبێت لەگەڵ بانکی ناوەندی، بەڵام ئەو نرخەی ئێستا لە بازاڕەکانی عێراق مامەڵەی پێوە دەکرێت شتێکی ناسرووشتییە و تەنیا هاووڵاتییان لێی زەرەرمەند دەبن".

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراق لەم چەند رۆژەی دوایی دا، ئەو شارەزایەی دارایی و بانک دەڵێت: "هۆکارەکە ئەوەیە ئێستا نزیک بووینەتەوە لە سەری ساڵی نوێ، بانکەکان سەرقاڵی حسابی ساڵانەن، هاوردەکانیش راگیراوە، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە حکومەتی عێراق رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا کردووە لەمەودوا مامەڵە بە یۆرۆ بکەن، هاوکات لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی دیکە ئەو بازرگانییەی لەنێوانیان هەیە لە بری دۆلار مامەڵە بە دراوی دیکە دەکەن".

راشیگەیاند: "هۆکارێکی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی ئەوەیە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، لە دوای سەری ساڵ کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکان بکرێت بە دینار و مامەڵە بە دۆلار نەکرێت، ئەو حەواڵانەی لە دەرەوەی وڵاتیش دێنە ناو عێراق بە دینار دەدرێت بەو کەسەی بۆی هاتووە، ئەگەر حکومەتی عێراقی بتوانێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات، بێگومان لە دوای سەری ساڵ بەهای دیناری عێراق لە بازاڕەکان زیاتر بەرز دەبێتەوە و نزیک دەبێتەوە لە بەهای فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەگەر حکومەتی عێراقیش نەتوانێ زاڵ بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەوا جارێکی دیکە بەهای دینار دادەبەزێت و دۆلار روو لە بەرزکردنەوە دەکات".

گوڵاڵە سدیق، ئەوەشی خستەڕوو: "وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، لەو رێگەیەوە ژمارەیەک بانکی عێراقی بۆ یەکەمجار پەیوەندییان لەگەڵ ژمارەیەک بانکی نێودەوڵەتی دروستکردووە، کە یەکەمجارە ئەمە روودەدات، ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە لە بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی لە عێراق،  ئەگەر ئەمەریکاش بەردەوام بێت لە دابین کردنی دۆلار بۆ عێراق لەپێناو خزمەتی سەقامگیری ئابووری عێراق".

ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەرز بووەوە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق 100 دۆلاری ئەمەریکی بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ بە سەرووی 150 هەزار مامەڵەی پێوەدەکرێت.