ئێران و رووسیا رێککەوتن لەبری دۆلار بە دراوی ناوخۆ بازرگانیی بکەن

دراوی ئێرانی
دراوی ئێرانی

K24 – هەولێر :

میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێران و رووسیا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان، رێککەوتنەکەش لەسەر ئەوەیە لەبری دۆلار، دراوی ناوخۆ بەکار بێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 27-ی کانوونی یەکەمی 2023)، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، رووسیا و ئێران گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنەی، لەبری دۆلار کار بە دراوی ناوخۆ بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیان.

ئەو میدیایانە ئاماژەیان بەوە کردووە، رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی بانکیی ناوەندی هەردوو وڵات لە رووسیا  واژوو کراوە، دەڵێت: بانکەکان و لایەنە ئابوورییەکانی چالاکن، دەتوانن ژێرخان و سیستەمی بانکیی ناوخۆ لەنێوان یەک  بەکار بێنن، بێ ئەوەی پێویست بەوە بکات  سیستەمی پەیوەندییەکانی دارایی جیهانیی نێوان بانکەکان( سوێفت)، بۆ مامەڵەکردن بە دراوی ناوخۆ.

ئەندامانی یەکێتی ئابووریی ئۆراسی بەسەرکردایەتی رووسیا، رێککەوتنێکی بازرگانیی تەواو ئازادیان لە 25-ی کانوونی یەکەم واژوو کرد.

ئێران پتر گرنگیی بە کرێملن دا، پاش ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند بەهۆی جەنگیی نێوان مۆسکۆ و  ئۆکرانیا کە بووە هۆی سنوردارکردنی ڕێگا بازرگانییەکانی دەرەوەی ڕوسیا و، ناچارکردنی بۆ  گەڕان بەدوای بازاڕەکانی دەرەوەی ئەوروپا.

بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا فراوانتر دەبێت، ئێران لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا ڕایگەیاند، کۆتایی بە هەنگاوەکانی دروستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی سو-35 و هەلیکۆپتەری هێرشبەری جۆری Mi-28 و فڕۆکەی مەشقی سەربازی یاک-130 لە ڕوسیا هێناوە.