دیارترین رووداوە ئابوورییەکان هەرێمی کوردستان و عێراق لە 2023

کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف
کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 و ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەژێرە کاریگەری بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر بە بەغدا لە دیارترین لە رووداوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو لە ساڵی 2023.

ساڵی 2023، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئابووری بە دوای خۆی هێنا. بەشێکیان درێژەپێدەری ساڵانی پیشتر بووون. ئاشکرایە، دیارترین و گرینگترین گۆرانکارییە ئابوورییەکان بۆ ساڵی 2023 بە کاریگەری و دیدگای هەر ناوچەیەک جیاوازە. بەشێک لە گۆرانکارییەکان دەشێت پرسی دیاری ئابووری جیهان نەبن، بەڵام بۆ لایەنێکی دیکە لە پێشینە بن. لەوانەش، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هەرچەندە بۆ بازاڕەکانی جیهان پەراوێزخراو نەبوو، چونکە بەر لە مانگی ئاداری 2023، هەرێمی کوردستان نزیکەی %0.5ـی خواستی جیهانی بۆ نەوتی خاو دابین دەکرد، پچڕانی هەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبوو.

دواجار بۆ هەرێمی کوردستان هیچ پرسێک ئەوەندە جێی بایەخ نەبوو، چونکە سەرباری ئەوەی نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بوو، نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەلایەن بەغدا و ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، ئەوەندەی تر گوشاری دارایی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دروست کرد.

وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان

کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین ئاستەنگ هات. نەوت، نەک بە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان کە بەرهەمهێنەری نەوتە بەڵکو بۆ وڵاتانی بەکاربەریش هێشتا بزوێنەرێکی گرنگی ئابوورییە. هەرێمی کوردستان کە پشتبەستنێکی سەرەکی بە داهاتی نەوتە، حکومەتی عێراق بە پاساوی جیا بە مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەزانی، بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، لە 25ـی ئاداری 2023، هەناردەی نەوتی کوردستانی وەستا.

لەو ماوەیدا زیانێکی دارایی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق کەوت، هەرچەندە نرخی نەوت بەراورد بە 2022 کەمێک دابەزی بەڵام تێکڕای نرخی نەوتی برێنت ئەمساڵ لە نزیک 82 دۆلار بووە، ئەگەر پێشتر نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهاندا بە کەمتر لە 11 دۆلار بفرۆشرایە، ئەوا هەرێمی کوردستان دەیتوانی ئەمساڵ نەوتەکە بە تێکڕای نزیکەیی 71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەناردە بکات.

زیانی هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان لە 2023 نزیکەی 8 ملیار دۆلار دەبێت

ئەگەر لە رۆژی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هەژمار بکەین تاوەکو کۆتایی 2023، دەکاتە 281 رۆژ هەناردەی نەوتی کوردستان وەستاوە. بە گوێرەی تێکڕای نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 400 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، ئەگەر بە هەمان توانا نەوتەکەی هەناردە بکردایە، دەیتوانی 112 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەمەش قەبارەی زیانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 بە بڕی 7 ملیار و 980 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار دەبێت، کە ئەمەش بە نزیکەییە و دەشێت کەمتر یان زیاتر بێت.

هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟

لە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لەگەڵ مەریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC، دیدارێکی تایبەتی هەبوو، لە دیدارەکەیدا، سەرۆکوەزیران، باسی کێشەی وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودوڵەتییەکانی بواری نەوت هەیە. ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن؛ بەدڵناییەوە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لەم گرێبەستانە دەگرین، لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەغدا باسی نرخێک دەکات کە واقیعی نییە؛ شەش دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە. بۆ نموونە لە کێڵگەی نەوتی گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 34 دۆلارە، دەکرێت لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوت 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە.

کەواتە، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێویستە تێچووی شایستەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان دیاریبکرێت، ئینجا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.  لەلایەکی دیکەوە، عێراق کە سکاڵاکەی تورکیای بردووەتەوە، تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن تورکیا نایەوێت ئەو پارەیە بۆ عێراق بژمێرێت. بۆیە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان و دواتریش ئەو بڕە پارەیە تورکیا پابەندکراوە بە عێراقی بدات، چارەسەر بکرێت، دوای ئەوە هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

خەرجنەکردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ کوردستان

یاسای بودجەی عێراق لە 2023 بۆ ماوەی سێ ساڵ لە لایەن پەرلەمان پەسەند کرا، لە یاساکە پشکی کوردستان بە بڕی 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینار یاخود 12.67% لە کۆی بودجە دیاریکرا، بەڵام سەڕەرای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان عێراق لە 2023 هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کوردستان خەرجنەکرد. 

دواین راپۆرتی وەزارەتی داریی عێراق ئاشکرای دەکات، قەبارەی داهاتی عێراق لە بودجەی فیدراڵی لە ماوی 10 مانگدا 106 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە. لە خشتەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە کراوە، کۆی داهاتەکانی تا مانگی دە 106 تریلیۆن و 843 ملیار و 96 ملیۆن و 310 هەزار و 311 دینار بووە، کۆی خەرجییەکان  90 تریلیۆن و 642 ملیار و 811 ملیۆن و 866 هەزار 929 دینار بووە.

ئەوەی لە راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ کراوە، خەرجنەکردنی هیچ بڕە پارەیەک بووە لە لایەن حکومەتی عێراق بۆ کوردستان، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، لەسەر ئەوە رێککەتن تا جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی پشکی هەرێم، بۆ هەر سێ مانگی 7 و 8 و 9، مانگانە 700 ملیار دینار لە بەغداوە بەشێوەی قەرز بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هیچ مانگێک ئەو بڕە پارەیە لەکاتی خۆی رەوانە نەکراوە، لە کاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان مانگانە، تریلیۆنێک 375 ملیار دینارە، بەڵام نە یاسای بودجە جێبەجێ کراوە، نە ئەو بڕە پارەیەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە. بەڵکو بەشێوەی قەرز دراوەتە هەرێمی کوردستان و کۆی قەرزەکە 2.1 تریلیۆن دینار دینار بووە.

كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت، لە (4ـی ئەیلوولی 2023) ئاشکرای کرد، له‌ 25ـی حوزەیرانی 2023، رۆژانه‌ 50 هه‌زار تا 102 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا كراوه‌، به‌گشتی رۆژانه‌ 85 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دراوه‌ته‌ به‌غدا، به‌ڵام هیچ بڕە پارەیەک بۆ کوردستان خه‌رجنه‌كراوه‌.

ناسەقامگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار

هەرچەندە ناسەقامگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار چەندین ساڵە دەستیپێکردووە، ساڵی 2023 ناسەقامگیریی لە بازاڕی ئاڵوێری دراو بەردەوام بوو، ئەگەر چی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی لە هەوڵ بوون بۆ سەقامگیری بۆ بەهای دینار لێ دینار نەیتوانی بگەڕێتەوە ئەو نرخەی کە بانکی ناوەندی عێراق بۆ بەهای هەر سەت دۆلارێک دیاری کردووە.

لە کۆتایی ساڵی 2020 بانکی ناوەندی، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار. سەرەتای مانگی شوباتی 2023 جارێکی دیکە حکومەتی عێراق دەستکاری بەهای دۆلاری کرد، بەڵام ئەمجارە دایبەزاند. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا، بە دەستکاری نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی و نرخی یەک دۆلاری دۆلاری بۆ 1300 دیناری دابەزاند.

سەرەڕای کەمکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2023 بەهای دۆلار نەیتوانی ئەمساڵ نرخی فەرمی ببینێت و دابەزێت بە بەردەوامی لەسەرووتر مامەڵەی پێوە کراوە.

بۆچی بەهای دۆلار لە ساڵی 2023 دانەبەزی؟

لە 2023 دەنگۆی کەمکردنەوە و تانانەت نەناردنی پارەی نەختینەیی (کاش) لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ عێراق بەسەر بازاڕی دراو زاڵ بوو، بە تایبەت سزا و گەمارۆدانی زۆرێک لە بانکە عێراقییەکان وای کرد دۆلار هەڵپەز و دابەزێکی زۆر بەخۆیەوە ببینێت. لە 19ی تەمموزی 2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لیستی چواردە بانکی عێراقی بڵاوکردەوە ئاشکرای کرد، ئەو بانکانە چیتر بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلار بکەن هۆکارەکەشی گەڕاندەووە بۆ ناردنی دۆلار لەو بانکانە بۆ ئەو لایەن و وڵاتانەی سزای ئەمەریکایان لەسەرە لە چوارچێوەی سپیکردنەوەی پارە. سزادانی بانکە عێراقییەکان گومانی بۆ بازاڕەکانی دراو هێنا، بەوەی رەنگە سزای بانکەکانی دیکەشی بەدواوە بێت، هۆکارێک بوو بۆ دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.

لەلایەکی دیکەوە، بەشداری زۆری بازرگانان لە بازاڕی رەش بە تایبەتی ئەو بازرگانانەی کاڵا لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق دەکەن وای کرد هەمیشە خواستێکی سەرووتر لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی هەبێت و بەشدار بێت لە دابەزینی بەهای دۆلار.

هەرچەندە، لەو ماوەیەدا بانکی ناوەندیی عێراق و بەرپرسان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و یەدەگی فیدراڵی، چەندین رێککەوتنیان واژۆ کرد بۆ پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی عێراق بە دراوی دیکەی جیا لە دۆلار بە تایبەت لیرەی تورکی و یورۆ و درهەمی ئیماراتی، تا رادەیەک بەشدار بوو لە هێوربوونەوەی بازاڕی دراو و سنووردارکردنی دابەزینی بەهای دۆلار.

پێشبینی چی بکەین؟

ئەگەر لە بۆچوونی شارەزایانەوە پێشبینی بۆ بەهای دۆلار بکەین دەردەکەوێت، ساڵێکی سەخت لەبەردەم بەهای دۆلاری ئەمەریکی دەبێت. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووریی رایگەیاندووە، ئەستەمە نرخی دۆلار لە کورتخایەن دابەزێت و بۆ کەمتر لە 150 هەزار دینار سەقامگیر بێت. مەرسوومی، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران بە تایبەت تا ئەو کاتەی ئێرانییەکان ئامادەبن بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ عێراق تا ئاستی 1600 دینار بۆ هەر دۆلارێک، بە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر توانای کێبڕکێی کاڵاکانی ئێران هەبێت لە بازاڕەکانی عێراقدا.

بەپێچەوانەی مەرسوومی، بۆچوونی شارەزایانی دیکە جیاوازە. عەبدولرەحمان مەشهەدانی پێشبینی دەکات، بەهای دۆلار بەردەوام بێت لە دابەزین و بە جۆرێک لە نیوەی دووەمی مانگی یەکی ساڵی 2024 بەهای سەت دۆلار بۆ ئاستەکانی 145 هەزار دینار دابەزێت. ئەو شارەزایە لە بارەی دابەزینی بەهای دۆلار رایدەگەیەنێت، بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەردەوامە لە دابەزین، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، بەڵام بەردەوامە، ئەماژە بەوەش دەکات رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق و حکومەت بەشداربوونە لە دابەزینی بەهای دۆلار.

سەرئەنجام، بەرزبوونەوەی بەهای دینار و دابەزینی دۆلار بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و لەلایکی دیکەوە سەرکەوتنی عێراق لە بە دینارکردنی مامەڵەکانی ناوخۆ و پارەدارکردنی هاوردەکردنی کاڵاکانی ئێران بۆ عێراق بە دراوی دیکەی جیا لە دۆلار چونکە تا دۆلار دابەزێت لە بازاڕەکان، ئەوەندەی دیکە زیاتر کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق دەبێت و خواستی بازرگانانی ئێران بۆ دۆلار بەرز دەکاتەوە و جارێکی دیکە فشاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بازاڕەکان دەهێنێتەوە.