بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر خارپێتی باکووری کوردستانی هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر خارپێتی باکووری کوردستانی هەژاند
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر خارپێتی باکووری کوردستانی هەژاند

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی باری لەناکاوی تورکیا ئاماژه‌ به‌ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ده‌كات له‌ باكووری كوردستان، هاوكات تا ئێستا زانیاریی له‌ باره‌ی زیانه‌ گیانی و ماددییه‌كان نه‌زانراوه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) ئاژانسی کارەسات و بەڕێوەبەرایەتی باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاتژمێر چوار و 26 خولەکی دوای عه‌سر، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە خارپێتی باکووری کوردستان روویداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە ناوەندی پارێزگاکە بووە و قوڵاییەکەی 9.36 کیلۆمەتر بووە.

ئاژانسه‌كه‌ هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، دوای بوومەلەرزەکە خەڵک رژانە سەر شەقامەکان. هاوکات تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌ ماددی و گیانییه‌كان نه‌زانراوه.

رۆژی (دووشەممە 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاتژمێر 10:42 خولەک، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر شارۆچکەی گێملیکی سەر بە پارێزگای بۆرسەی تورکیا هەژاند.

هاووڵاتییان لە ئیستانبوڵ و پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەری بورسە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردبوو و لە ترسی دووبارە روودانەوەی بوومەلەرزەکە، لە ماڵەکانیان چووبوونه‌ دەرەوە.

هاوکات، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاندبوو، "بوومەلەرزەکە بە گوڕی پێنج پلەی رێختەر روویداوە و لە هەردوو پارێزگای ئیستانبوڵ و بۆرسەی هەستی پێکراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 5.2 و 4.7 پلەی رێختەر پارێزگای مەڵاتیای باکووری کوردستانیان هەژاند. جیاوازی نێوان هەردوو بوومەلەرزەکە تەنیا سێ خولەک بووە و لە ناوەندی پارێزگای مەڵاتیا و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەستی پێکرابوو،

بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستان، هه‌روه‌ها سووریا و رۆژئاوای كوردستانیان ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا. بەهۆی بوومەلەرزەکان، هەزاران هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان باڵەخانەش وێرانبوون.