گرنگترین رووداوەکانی 2023؛ ساڵێکی پڕ لە جەنگ و کارەساتی سرووشتی

رووداوەکانی 2023
رووداوەکانی 2023

K24 – هەولێر:

هەموو سەرەتایەک کۆتایی هەیە، تەنها لە خاڵی کۆتاییشدا ئاوڕێک لە رووداوەکانی رابردوو دەدەینەوە بۆ ئەوەی وانەیان لێوەربگرین و دووبارە دەستپێدەکەینەوە. گەیشتینە کۆتایی ساڵی 2023 و ئەم ساڵەش پڕبوو لە کۆمەڵێك رووداوی خۆش و ناخۆش، لێرە گرنگترین رووداوەکانی ساڵی 2023 لەسەر ئاستی کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەخەینەڕوو.

جەنگەکانی 2023

لە مانگی یەکەمی 2023، ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی هەشت ملیاری تێپەڕاند و هەر لەو ساڵەدا بۆ یەکەمجار هیندستان لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە پێش وڵاتی چین کەوت، کە ژمارەی دانیشتووانی هەر یەک لەو وڵاتانە زیاتر لە ملیارێک کەسە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە 2023 زیاتر دەرکەوتن و گۆی زەوی ریکۆردی گەرمترین ساڵی تۆمارکرد.

2023؛ بۆ جیهان ساڵی ئارامی و ئاشتی نەبوو، مانگێکی ئەم ساڵە نابینی کە جەنگێک یان کارەساتێک بەرۆکی وڵاتان و مرۆڤایەتی نەگرتبێت، هەر لە جەنگ و کودەتای سەربازی، تاوەکو بوومەلەرزە، زریانی وێران و رووداوی ئاگرکەوتنەوە، هەروەها لە گشت بوارەکاندا رووداوی گرنگ و لەبیرنەکراو تۆمارکراون.

بەردەوامی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو جیهان زیاتر رەنگیدایەوە، وڵاتانی رۆژئاوا لە پشتیوانی سەربازی بۆ کیێڤ بەردەوام بوون، دواجار لە (23ـی حوزەیرانی 2023) گرووپی ڤاگنەر لە مۆسکۆ هەڵگەڕایەوە بەڵام بە نێوەندگیری بیلارووسیا چەکیان دانا. دوای دوو مانگیش لە (23ـی ئابی 2023) یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپەکە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی گیانی لەدەستدا.

لە سوودان؛ لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانی ئەو وڵاتە لە (15ـی نیسانی 2023) جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆیی سەریهەڵدا. سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتووم و ناوچەکانی دیکە رووبەڕووەی یەکبوونەوە و سەدان کەس بوونە قوربانی. هاوکات زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند و هەرزوو بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان و دیپلۆماتکارانیان هاتنە سەرهێل.

لە رووداوێکیتردا، لە (26ـی تەمموزی 2023) کودەتایەکی سەربازی لە وڵاتی نەیجەر روویدا و محەممەد بازوومی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستبەرسەر کرا. دوای دوو مانگیش دەسەڵاتی سەربازی حکومەتی فەرەنسای ناچار کرد بڕیاری کشانەوەی سوپاکەی لە نەیجەر بدات.

بە هەمان شێوە لە گابۆن، دوای هەڵبژاردنەوەی عەلی بۆنگۆ بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە (30ـی ئابی 2023) ژمارەیەک لە ئەفسەر و پلەدارانی سەربازی کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیان بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا گرت.

شەڕ لە لایەکی دیکەی جیهان روویدا، لە (3ـی ئەیلوولی 2023) سوپای ئازەربایجان ‌هێرشی کردە سەر هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغ، ئەمەش لە درێژەی ململانێکانی ئەو وڵاتە بوو لەگەڵ ئەرمینیا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر هەرێمەکەدا گرت زیاتر لە 10 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە کۆچیان کرد و دواتر بە نێوەندگیری رووسیا، شەڕ وەستا و نزیکەی 200 کەسیش کوژران.

جەنگی غەززە؛ خوێناویترین جەنگی ساڵەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس سنووری غەززەیان بڕی و هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە کە هەزاران فەڵەستینی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن گیانیان لەدەستداوە و ژێرخانی غەززە بە تەواوی وێران بووە، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان.

ئاگری شەڕ کوردستانیشی گرتەوە، لە خۆپیشاندانی (3ـی ئەیلوولی 2023)ـی هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک کە داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک - هەولێریان دەکرد دوای ئەوەی ماوەی چەندین رۆژ لەلایەن بەشێک لە عەرەب و گرووپە چەکدارەکانەوە داخرابوو، لە ئەنجامدا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە چوار هاووڵاتی شارەکە شەهیدبوون و 40 کەسی دیکەش دەستگیرکران.

لە جەنگەوە بۆ رووداوە سرووشتییەکان

ساڵی 2023 چەند رووداوێکی سرووشتی وێرانکەری بەخۆیەوە بینی، لە (6ـی شوباتی 2023) بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای هەژاند کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 60 هەزار کەس و وێرانبوونی سەدان باڵەخانە. ئەوەی لەم رووداوە لەیادناکرێت، بە هاناوەچوونی لێقەوماوان بوو لەسەر ئاستی حکومی، رێکخراوە مرۆییەکان و خەڵکی لە هەرێمی کوردستان.

لە مەغریب لە (8ـی ئەیلوولی 2023) بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر ناوچەکانی ئەلحۆز و مەراکیش روویدا و زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، سەدان هاووڵاتی برینداربوون و بێ ماڵ و حاڵبوون و زیانێکی زۆریشی بەژێرخانی ناوچەکە گەیاند.

ئەمجارە لە ئەفغانستان؛ لە ئەنجامی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە رۆژانی (7 و 10ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە گوڕەکانی 6.3 و 6.5 پلەی رێخکتەر نزیکەی 1500 کەس گیانیان لەدەستدا. هەر لە ساڵی 2023، رووداوی بوومەلەرزە لە نیپاڵ و چین و چەند وڵاتێکی دیکەش روویاندا و سەدان کەسی دیکەی کردە قوربانی.

هەروەها بەهۆی زریانی دانیالەوە لە (10ـی ئەیلوولی 2023) زیانێکی زۆر بە شارەکانی بەنغازی و بەیدا لە لیبیا کەوت و زیاتر لە پێنج هەزار کەس بوونە قوربانی و وێرانییەکی زۆریشی لە ناوچەکە لەدوای خۆی بەجێهێشت، کە ئەم کارەساتە مەترسییەکانی رووداوە سرووشتییەکانی لە ئەنجامی گۆڕانەکانی کەشوهەوا زیاتر بەدەرخست.

هەر لە 2023، رووداوی ئاگرکەوتنەوە یەکێکیتر بوو لە کارەساتەکان، لە (26ـی ئەیلوولی 2023) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 120 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، ئەم رووداوە لەمیانی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بووک و زاوایەکی کریستیان روویدا، وەک یەکێک لە خەمناکترین رووداوەکان لەسەر ئاستی جیهان باسی لێوەکرا.

لە رووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی ئیدارەی سۆران لە (8ـی کانوونی یەکەمی 2023)، 14 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا ئەم رووداوە هاوخەمی قوڵی لە هەموو هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێنا کە بەشێک لە قوربانییەکان مامۆستا و قوتابی خوێندنی باڵا بوون لە زانکۆی سۆران.

لە رووداوێکی دیکەی جیاوازدا، تەقینەوەی ژێردەریایی تیتان لە (22ـی حوزەیرانی 2023) لە زەریای ئەتڵەسی کە پێنج بازرگانی بەناوبانگی لەخۆگرتبوو بۆ بینینی پاشماوەی کەشتی تایتانیک دەچوون بووە یەکێک لە کارەساتە دەریاییەکانی ساڵ کە تەقینەوەی ئەو ژێردەریاییە دوای ئامادەکارییەکی زۆر بۆ رێکخستنی ئەو گەشتە و هەڵبژاردنی لەلایەن ئەو پێنج قوربانییەی لەنێو ژێردەریاییەکە بوون بووە سەردێری یەکەمی هەواڵی هەموو کەناڵ و دەزگا راگەیاندنەکانی جیهان.

رووداوە سیاسییەکانی 2023

لە گرنگترین رووداوە سیاسییەکانی ساڵی 2023، واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە (4ـی نیسانی 2023) لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کە رێگەخۆشکەربوو بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام تاوەکو کۆتایی ساڵ سەرەڕای جێبەجێکردنی پابەندییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بەغدا پابەندنەبوو لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) لە ئەندامێتی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێشهاتێکی سیاسی نوێ بوو لەسەر ئاستی عێراق بەڵام ئەم دوورخستنەوەیە نەبووە هۆی کەوتنی حەلبووسی و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، لیستی تەقەدووم وەک هێزی یەکەمی سوننەکان مایەوە.

یەکێکی دیکەش لە رووداوە گرنگەکانی 2023، دوای 18 ساڵ؛ لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەچوو. کورد لەم هەڵبژاردنە بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بەشداری کرد کە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 14 پارێزگای دیکەی عێراق. لیستە کوردستانییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، حەوت کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان بردەوە و جارێکی کوردستانییەتی شارەکەیان دووپاتکردەوە.

لەسەر ئاستی ئەوروپا، لە (4ـی نیسانی 2023) وڵاتی فینلاند بووە 31ـەمین ئەندامی ناتۆ، ئەمەش پێشتر لەلایەن رووسیاوە بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی دادەنرا. هەر لە ئەوروپا، لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە کڕواتیا دراوی فەرمی وڵاتەکەی بۆ یۆڕۆ گۆڕی دوای نزیکەی 10 ساڵ لە بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا.

لە کۆتایی ساڵەکەشدا، لە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) پەرلەمانی بەریتانیا پرۆژەیاسای رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی رواندا پەسەند کرد، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت 2024 ساڵێکی سەخت بێت بۆ پەنابەرانی بەریتانیا.

لەسەر ئاستی ئەمەریکا، پرسی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گەرمترین رووداوی سیاسی ئەو وڵاتە بوو لە 2023. هەرچەندە ترەمپ دۆسیەی تۆمەتبارکردنی بە پرسی خۆهەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەبەستێتەوە، بۆ یەکەمجاریش بوو لە (25ـی ئابی 2023) سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا چووە زیندان و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.

هەر لە ئەمەریکا؛ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتە کێڤن مەکارسی لە (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لادرا دوای ئەوەی تەنیا نۆ مانگ بوو ئەو پۆستەی وەگرتبوو کە بە رێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ بایدن تۆمەتبارکرا.

بەشێک لە رووداوە جیاوازەکانی کوردستان

یەکێکی دیکە لە رووداوە لەیادنەکراوەکانی 2023، بەدەستەخووشکبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیلە دوای چەندین گفتوگۆ و سەردانیکردنی هەردوولا، لەکۆتاییدا رێککەوتنەکەیان لە ئەمەریکا لە (9ـی ئەیلوولی 2023) واژۆکرد و پردە بەناوبانگەکەی ناشڤیلیش بە ئاڵای کوردستان رازێندرایەوە.

بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە، رۆژانی (20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2023) چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. مێپس؛ کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو کە دامەزراوەی کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکەی کرد.

گرنگترین بابەتی ساڵەکەش بۆ هەرێمی کوردستان لە سێکتەری کشتوکاڵ، هەناردەکردنی پەتاتە، هەنار، سێو، هەنگوین و چەندین بەرهەمی دیکەی خۆماڵی جووتیاران بوو بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش لە درێژەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بازاڕکردنی بەرهەمی ناخۆیی و پشتگیریکردن لە جووتیاران و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک.

لە باکووری کوردستان؛ لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2023، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان کورتکراوەی ناوی پارتەکەی لە "هەدەپ" بۆ دەم پارتی گۆڕی، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023، هەدەپە لەژێر ناوی پارتی سەوز بەشداری کرد و نەیتوانی پارێزگاری لە دەنگەکانی پێشتری خۆی بکات، بۆیە لەژێر فشاری ئەندامان و دەنگدەرانی کە رەخنەیان لە سیاسەتی ئەو پارتە هەبوو لە پشتیوانیکردنی کاندیدی جەهەپە بەبێ مەرج و بەبێ رێککەوتنی ئاشکرا لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

لە رۆژئاوای کوردستانیش، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2023ـەوە، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هۆزە عەرەبەکان و چەکدارانی سوریای دیموکرات روویدا و لە درێژەی شەڕی نێوان هەردوولا، چەندین هاووڵاتی کوژران و برینداربوون و زیانی گیانی لە چەکدارانی هەردوولاش کەوتەوە.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەهۆی رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران، سەرجەم بارەگا و ئۆردوگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.

رووداوە جیهانییەکانی 2023

لە گرنگترین رووداوە وەرزشییەکانی 2023، چوونی ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو بۆ یانەی نەسڕی سعوودی و لە (3ـی کانوونی دووەمی 2023) بە هاندەران پێشکەشکرا. هەروەها لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش لە (15ـی تەمموزی 2023) بە فەرمی پەیوەندی بە یانەی ئەنتەر میامی ئەمەریکییەوە کرد، کە ئەو دوو ئەستێرەیە چەندین ساڵ بوو هەموو ریکۆردەکانی جیهانیان لە یانەکانی ئەوروپاوە دەشکاند.

لەسەر ئاستی هونەریش بەرهەمهێنان و نمایشکردنی فیلمی باربی و قەدەغەکردنی لەو وڵاتانەی زۆرینە موسوڵمانن یەکێک بوو لە گرنگترین باسوخواسە هونەرییەکانی ساڵی 2023.

لە جیهانی تەکنەلۆژیاش، کێبڕکێی ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ لە 2023 زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو. مەسک دوای ئەوەی بووە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ناو و لۆگۆکەی بۆ ئێکس گۆڕی. لە بەرامبەریشدا، زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا وەشانی پلاتفۆڕمی سرێدزی راگەیاند بەڵام نەیتوانی لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک جێگرەوەی تویتەر شوێنی خۆی بکاتەوە.

هەروەها زیرەکی دەستکرد لە 2023 گەشەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینی لە بەکارهێنانی لە زۆربەی سێکتەرەکاندا، هاوکات وەشانی نوێترین خزمەتگوزاری (ChatGPT) چات جی پیتیش گۆڕانکارییەکی نوێ بوو لەو بوارەدا.

نووسین و ئامادەکردن: ئاری غازی                مۆوشن گرافیک: مەڕوان هێمن