هاووڵاتییانی غەززە بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکانیان پشت بە وزەی خۆر دەبەستن
K24 - هەولێر
بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 70 رۆژە کارەبای کەرتی غەززە پچڕاوە. بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی؛ خەڵکی غەززە روو لە بەکارهێنانی سۆلەر پانێل دەکەن، تا ئامێرەکانی پەیوەندی بارگاوی بکەن و ئاگاداری کەسوکارییان و هەواڵەکان بن.
سۆلەر پانێل بووەتە تاکە بژاردەی خەڵکی غەززە تا بتوانن مۆبایلەکانیان بارگاوی بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکارییان و جیهانی دەرەوە نەپچڕێت.
بیلال سوڵتان، دانیشتوویەکی غەززەیە و هەستاوە بە کڕینی سۆلەر پانێڵ، تا وزە بۆ ئەو کەسانە دابین بکات کە پێویستییان پێیەتی.
بیلال دەڵێت: "72 رۆژە نەمانتوانیوە مۆبایلەکانمان بارگاویی بکەین، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل کارەبای لەسەر کەرتی غەززە بڕیوە، بۆیە ئەو سۆلەر پانێلانەمان هێنا تا یارمەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بدەین، ئەوان کێشەی پەیوەندیکردنییان بۆ دروست بوو و هەروەها ئاگاداری هەواڵەکان نەبوون، بۆیە ئەو پانێلانەمان هێنا تا کارییان ئاسان بکەین."
جەنگ و ئابڵۆقەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، نرخی هەموو شتێکی لەو کەرتە بەرزکردووەتەوە، تەنانەت سۆلەر پانێلێش گرانبووە و نرخەکەی پێنج هێندە بەرزبووەتەوە.
سولەیمان فەقاوی، دانیشتووی غەززەیە و ئاماژە بەوە دەدات: "ئەو سۆلەر پانێلانەمان کڕیووە تا وزەمان هەبێت، زۆر بە کەمی وزە بۆ رووناکی و بارگاویکردنی مۆبایلەکان دابین دەکات بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ ئازیزانمان هەبێت و ئاگاداری هەواڵەکانبین. نزیکەی بە هەزار و 500 شێکل کڕیوومە، پێشتر بە 300 شێکل بوو. ئێمە 50 کەسین پشت بەو پانێلانە دەبەستین تا مۆبایلەکانمان بارگاوی بکەین و رووناکیمان هەبێت."
نەهامەتی و نالەباری کەرتی غەززە بەردەوامە، بە رۆژ لەڕێگەی سۆلەر پانێلەوە ئامێرەکانیان بارگاوی دەکەن و وزە بۆ گڵۆپەکانییان کۆدەکەنەوە، تا بتوانن بە بەکارهێنانی ئەو رێژە کەمە وزەیەی کۆیانکردووەتەوە، شوێنی مانەوەیان رووناک بکەنەوە.