رووسیا و ئۆكرانیا‌ دیله‌كانیان ئاڵوگۆڕ دەكەن

K24 - هەولێر:

بەنێوەندگیری ئیمارات، رووسیا و ئۆكرانیا سەدان سەربازی دیل ئاڵوگۆڕ دەكەن.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی دانوستانێكی سەخت و ئاڵۆز بە نێوەندگیری ئیمارات 248 سەربازی دیلیان لە ئۆكرانیاوە گەڕاونەتەوە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیاش له‌مباره‌یه‌وه‌ دەڵێت، زیاتر لە 200 سەربازی دیلیان لە رووسیاوە گەڕاونەتەوە.

پرۆسەی دیل بە دیلی سەربازانی رووسیا و ئۆكرانیا وەك وەزارەتی بەرگری رووسیاش ئاماژەی بۆ دەكات بە نێوەندگیری و سەرپەشتی ئیمارات بووە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.