نزار حه‌یده‌ر: ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت به‌پشتبه‌ستن به یاسای نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی گرووپه چه‌كداره‌كان ببێته‌وه
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی عێراقی له واشنتۆن ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به هێرشی گرووپه‌كان هه‌ڵوێستی نه‌بێت، ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی جددی ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 3ـی كانوونی دووه‌می 2024) نزار حه‌یده‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی عێراقی له واشنتۆن تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌كان له سه‌رتاسه‌ری عێراق، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك و گرووپی له‌یاساده‌رچوو و چه‌ته و رێگرن و له ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه پارێزگاری له دامه‌زراوه‌كان و بنكه و باره‌گای هێزه بیانییه‌كان بكات له سه‌رانسه‌ری عێراق.
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی عێراقی له واشنتۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوو بژارده له به‌رده‌م حكومه‌تی عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌یدا هه‌یه، یان ده‌بێت رێگه له‌و گرووپانه بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانیان ئه‌نجام نه‌ده‌ن، یانیش ئه‌مه‌ریكا پشتبه‌ست به یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌رگری له بنكه و باره‌گاكانی بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی عێراقی له واشنتۆن باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر محه‌ممه‌د شیاع سوودانی شكستی له به‌ڵێنه‌كانی هێنا له پارێزگاریكردنی بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، ئه‌و كات ئه‌مه‌ریكا خۆی رێككار و هه‌نگاوی جددی ده‌گرێته‌به‌ر.
نزار حه‌یده‌ر گوتیشی، ئه‌گه‌ر گرژییه‌كان و هێرشه‌كان به‌رده‌وام بن، بارودۆخه‌كه تێك ده‌چێت و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌مه‌ریكا كراوه ده‌بێت، به‌مه‌ش عێراق رووبه‌ڕووی شڵه‌ژانێكی گه‌وره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی تووشی خه‌جاڵه‌تی بكات.
شەوی (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکێدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".
مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".
هاوكات رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە "لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان" لە "هێرشە تاوانکارییەکەی" سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. سوودانی هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناو بردووە و دەڵێت، هەوڵێکە "بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" ناوخۆی عێراق.