وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی داوایەکی قوتابییانی کورد لە شاری بێلگۆرۆدی رووسیا دەداتەوە

کوردستان24 بەدواداچوون بۆ رەوشی قوتابییانی کورد لە شاری بێلگۆرۆدی رووسیا دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی قوتابییانی کورد لە زانکۆکانی شاری بێلگۆرۆد لە رووسیا لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوای هاوکارییان کرد کە بەهۆی پەرەسەندنەکانی جەنگی ئۆکرانیا مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، وابڕیارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئەو قوتابییانە دەربکات.

رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە لەگەڵ قوتابییانی کورد لە شاری بێلگۆرۆدی رووسی لە پەیوەندیدان و ئەوەیان پێڕاگەیاندوون کە ژیانی ئەوان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگترە لەو یاسا و رێنماییانەی کە رێگرییان لێدەکات بگەڕێنەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر زانکۆکانی خۆیان رێگە بە گەڕانەوەی ئەو قوتابییانە دەدات و کێشە بۆ پرۆسەی خوێندنیان دروست نابێت، چ بۆیان دەکات بە ئۆنلاین یاخود کۆرسی خوێندنیان بۆ دوادەخرێت، ئەوا وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکیان نییە و دەتوانن بگەڕێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارێکیان بۆ دەردەکرێت.

پێشتر محەممەد شەڕەفانی بە نوێنەرایەتی 14 قوتابی کورد لە دوو زانکۆی شاری بێلگۆرۆدی رووسیا لە رێگەی کوردستان24ـەوە پەیامێکیان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هاوکارییان بکەن بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ئەو شارە، ژیانیان لەژێر مەترسیدایە.

نوێنەری قوتابییانی کورد لە شاری بێلگۆرۆدی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند رۆژێکە بۆردومانی مووشەکی هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ئەو شارە چڕبووەتەوە و تائێستا چەندین هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی و روونیانکردووەتەوە کە لەلایەن زانکۆکانیانەوە پرۆسەی خوێندنیان بووەتە ئۆنلاین.

ئەم داوایەی قوتابییانی کورد لە شاری بێلگۆرۆدی رووسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانەوە قوتابییان لەو وڵاتانەی لێی دەخوێندن بەتایبەتی لەکاتی کۆرسەکانی خوێندندا، مەرجێکە بۆ ئەنجامدانی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دوای تەواوکردنی خوێندن.