لە هەولێر کەرنەڤاڵی 128 ساڵەی سینەمای جیهانی بەرێوەچوو

کەرنەڤاڵی 128 ساڵەی رۆژی جیهانی سینەما
کەرنەڤاڵی 128 ساڵەی رۆژی جیهانی سینەما

K24-هەولێر:

 کەرنەڤاڵی 128 ساڵەی رۆژی جیهانی سینەما لە هەولێر سازکرا، هاوکات خەڵاتی ڕێزلێنانیش بە چەندین سینەماکار و فیلمسازی کورد بەخشرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە(10-ی کانوونی دووەمی 2024)،شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر و رێکخەری کەرنەڤالەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند:

خواستمانە لەو ساڵەدا  سینەمای کوردی پێشبکەوێت و، بتوانین فیلمی باش بە پاڵپشتی دارایی باش بەرهەمبێنین.

بەرێوەبەری هونەری سینەما رایگەیاند: پارێزگاری هەولێر موژدەی ئەوەی پێداون بۆ یەک ساڵ، هەموو چوارشەمەیەک لە ئێمپایەر سینەمای فاملی مۆڵی هەولێر، نمایشکردنی فیلم بە خۆڕایی بێت، هاوکات ئەوانەی حەز و ئارەزوویان بۆ سینەما هەیە، دەتوانن پڕۆژەکانیان بگەیەننە ئەو فەرمانگە هونەرییە و لە ئاییندەشدا بودجەیەکی دیاریکراو بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی بە سینەما دەدرێت.

لە کۆتایی رێورەسمەکەدا کورتە فیلمی هیتفۆن، لە دەرهێنانی ئێڤار عومەر و نواندنی گۆران بەختیار نمایش کرا و وەک یەکەمین بەرهەمی چالاکییەکانی ئەمساڵی سینەمای هەولێر لە چوارچێوەی ئەم چالاکیە نیشاندرا.