وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق بۆ كوردستان24: چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رمانی ساخته ئه‌رێنین
K24 - هەولێر:
له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان و حكومه‌تی عێراق، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه ئه‌مڕۆ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان كرد و له‌گه‌ڵ دكتۆر سامان به‌رزنجی كۆبووینه‌وه، تێیدا دۆخی ته‌ندروستیمان هه‌ڵسه‌نگاند، ئاماژه‌مان به پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت كرد. گوتیشی: "چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رمانی ساخته ئه‌رێنین".
ساڵح حه‌سناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، چاكسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دیاریكردنی نرخی ده‌رمان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رمانی ساخته زۆر باش و ئه‌رێنیین و ئێمه‌ش له به‌غدا خه‌ریكین پرۆژه‌یه‌ك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌رمانی ساخته جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق هه‌روه‌ها گوتیشی: "پشتیوانی حكومه‌تی عێراق بۆ حكومه‌تی هه‌رێم له بواری ته‌ندروستیدا دووپاتده‌كه‌ینه‌وه".
حه‌سناوی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌هه‌ولێر كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقمان له بواری ده‌رمان هه‌ڵسه‌نگاند، په‌نا به‌خوا هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بن.
تایبه‌ت به هه‌موواركردنه‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراق، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ده‌ڵێت: پشتیوانی له هه‌مواركردنه‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت پشكی هه‌رێم له كه‌رتی ته‌ندروستیدا".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ده‌رمانی شێرپه‌نجه به‌گوێره‌ی پێداویستییه‌كان و به دوو ستاندا‌رت دابه‌شی سه‌ر هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی ده‌كرێت، یه‌كه‌میان، ژماره‌ی دانیشتوان و هه‌روه‌ها ژماره‌ی نه‌خۆش.
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ده‌شڵێت: "ژماره‌ی تووشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له‌هه‌موو جیهان زیادده‌كات، بۆیه ئه‌م نه‌خۆشییه پێویستی به سیاسه‌تێكی تایبه‌ته بۆ دابه‌شكردن ده‌رمان و چاره‌سه‌ر".
حه‌سناوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ناوه‌ندێكی پزیشكی ئه‌تۆمی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه.
تایبه‌ت به یاسای ده‌سته‌به‌ری ته‌ندروستی ئه‌و وه‌زیره ده‌ڵێت: "له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه یاساكه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، هه‌موو پارێزگاكان ده‌گرێته‌وه، جگه له‌هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌و بودجه‌ی كه له یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه بۆ هه‌رێم، ته‌نیا په‌یوه‌سته به ده‌رمان، ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێت یاساكه هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه، ئه‌وه پێویست ده‌كات گفتوگۆ بكه‌ین".
تایبه‌ت به په‌تای كۆرۆنا حه‌سناوی گوتی: "له ئێستادا دۆخی كۆرۆنا له عێراق جێگیره و هیچ كێشه و مه‌ترسییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه نییه".