نەهرۆ رواندزی: حکومەتی عێراق گازی سروشتی تەنها بۆ سلێمانی دەنێرێت

نەهرۆ رەواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
نەهرۆ رەواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە 120 تۆن گازی سروشتی تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێرێت و هیچ بڕێکی ئەو گازە ناگاتە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بۆیە لەسەر ئەو پرسە سکاڵایان تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، نەهرۆ رەواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی 12-12-2023 دوو سکاڵایان لەبارەی پرسی نەوت و گاز لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکردووە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز گوتی: "سکاڵای یەکەم لەسەر نرخی نەوتی سپییە. هەر لیترێک نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بە 250 دینار دانراوە، تا دەگاتە دەستی هاووڵاتییانیش دەگاتە 310 دینار، کەچی لە هەموو بەنزینخانەکانی عێراق بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کارتی نەوتیان هەیە، 150 دینارە. ئەمە نادەستوورییە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵامان تۆمارکردووە و داوامانکردووە نەوت بە یەکسانی بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت".

نەهرۆ رواندزی ئەوەشی خستەڕوو، "سکاڵای دووەمیش لەبارەی پرسی گازە. لە وەزارەتی نەوتی عێراق پێمان گوترا، رۆژانە 120 تۆن گازی سروشتی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کەچی پرسیاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد، گوتی یەک تۆنیش ناگاتە دەستمان. دواتر بۆمان ئاشکرابوو، ئەو بڕە گازە تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت و هیچی بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نانێردرێت".

هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق

وابڕیاربوو کاتژمێر 15:00ـی ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی حەلبووسی و سەرۆکی نوێی پەرلەمان کۆببێتەوە؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دواخرا و، تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەکە نەکراوە.

بە گوتەی رواندزی، "تاوەکو ئێستا گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان (کورد، سووننە و شیعە) بۆ رێککەوتن لەسەر ناوی کەسێک وەکو کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە".