ئاریان كەریم: گۆرانیەك لە دڵەوە بوترێت لە گوێ ‌و دڵی گوێگردا دەمێنێتەوە

K24 - هەولێر

هونەرمەند ئاریان كەریم لەم چاوپێكەوتنەیدا بە كوردستان24ـی راگەیاند چەند كارێکی نوێی هونەری بەدەستەوەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرو دۆخی دارایەوە كارەكان هێشتا تەواو نەبوون.

كوردستان24: بەرنامەتان چی یە بۆ كاری نوێ؟

ئاریان كەریم: چەند كارێكی نوێی هونەریم هەیە تا كاری لەسەر بکەم بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دارایەوە و نەبونی سپۆنسەر وەك پێویست نەچووەتە پێشەوە چاوەرێی باشبونی دۆخەكەدەین.

كوردستان24: چۆن بوو لە بەرنامەی (كوردستار)ەوە بۆ یەكەم جار دەركەوتیت؟

ئاریان كەریم: ژمارەیەك لەهاوڕێكانم هانیاندام، هەمیشە هانیان دەدام ئەو بەهرەیەی هەمە لەگۆرانی گوتندا دەریخەم، زۆر پاڵپشتم بوون، خۆم بەقەرزاری ئەوان دەزانم، چونكە پاڵپشتی ‌و هاندانی ئەوان نەبوایە من نەمدەتوانی ببم بەهونەرمەند.

كوردستان24: ئەگەر هەڵەبجەیی نەبووای، دەبوویتە یەكەمی بەرنامەی كوردستار؟

ئاریان كەریم: هەڵەبجەیی بونم، پەیوەندی بە بەرنامەیەكی هونەری وەك كوردستارەوە نیە، چونكە بینەرێكی زۆر و لیژنەیەكی شارەزای هونەری هەبووە ‌و شار چێتیان نەكردووە، دواجار هەموومان كوردین.

كوردستان24: دوای كوردستار، ئێستا پرۆگرامی لەو شێوەیە زۆرن، هەموو براوەیەكی ئەو پرۆگرامانە دەبنە هونەرمەند؟

ئاریان كەریم: راستە بەرنامەی وەك كوردستار و شێوەكانی زۆرن، زۆر كچ ‌و كوڕ لەو بەرنامانە بۆ دەرخستنی توانا هونەریەكانیان لەتیڤیەكاندا دەردەكەون، تائێستا هیچ كارێكی هونەریان دیار نیە، بۆیە هەوڵ ‌و كۆششی زیاتر و ماندووبوونی زیاتر و كاری نوێ‌‌ و خۆماڵی دەیانكاتە هونەرمەند نەك دەركەوتن ‌و دەرچون لەو بەرنامەكەدا.

كوردستان24: تۆ هەڵەبجەییت، ئەوە وایكردووە بیر لە بەرهەمی مرۆیی بكەیتەوە بۆ گۆرانییەكانت؟

ئاریان كەریم: گۆرانی گوتن بۆ بەهێزكردنی توانای مرۆیی بۆ خەڵك دەڵێم، بەڵام ئەوەمان بیرنەچێت تەنیا گۆرانی بۆ شارێك یان بۆ ناوچەیەكی تایبەت ناڵێم، ئەوەی لەتوانای هونەری ‌و گۆرانی گوتنی مندایە ئەنجامی دەدەم ‌و هەوڵی بۆدەدەم لەپێناو كوردبوونم و بۆ كوردستان گۆرانی دەڵێم.

كوردستان24: دوویتەكانت لەگەڵ ناسری رەزازی و مەریوان سەفائەدین، هیچ گۆڕانكارییەكیان بۆ بەهرەی هونەریی تۆ هەبووە؟

ئاریان كەریم: نەك بەتەنیا لەگەڵ هونەرمەند ناسری ڕەزازی ‌و مەریوان سەفائەدین، بەڵكو لەگەڵ چەند هونەرمەنێكی دیكەشدا كاری دویتم كردووە، هونەری دویت گۆرانكاری دروستكردووە لەژیانی هونەری مندا، شت گەلێكی هونەری باش فێربووم، قۆناغێكی باش ‌و جوان بوون بۆ من، فێربووم كوردیانە گۆرانی بڵێم، تا زیاتر خزمەتی هونەری كوردی بكەم.

كوردستان24: بۆچی گۆرانی ئێستا تەمەن كورتن، وەك گۆرانیەكانی حەسەن زیرەك و ماملێ ناتوانن بەردەوام بمێننەوە؟

ئاریان كەریم: نەك گۆرانی حەسەن زیرەك  و مامڵی بەڵكو هەموو ئەو گۆرانیانەی ڕەسەنن لەدڵی گوێگردا دەمێننەوە، بەڵام گۆرانی بەناو هەندێك هونەرمەند لەئێستادا، كە ئاوازەكەیان دزیوە و هی وڵاتانی بێگانەیە هیچ مۆركێكی كوردی پێوە نیە ‌و هۆنراوەیەكی كاڵ ‌و كرچیان بۆ داناوە دەیدەن بەگوێی خەڵكدا، ئەوا ئەو گۆرانیە زوو دەمرێت ‌و گوێگر لێی بێزار دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە گوێگری باشیش كەمبۆتەوە، لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە هیچ لێپرسینەوەیەكیش لەو بەناو هونەرمەندانە ناكرێت، زۆری ‌و بۆریەكی زۆر لەناو هونەری كوردیدا دروست بوەو چارەسەر ناكرێت، كە پێویستی بەچارەسەر هەیە.

كوردستان24: قسەیەك هەیە دەڵێ، ئەو پەیامانەی لە دڵەوە نەیەن ناگەن بەدڵ، پێتوایە بەرهەمی ئێستا لە دڵەوە بێن؟

ئاریان كەریم: بەڵی ڕاستە كارێك لەدڵەوە بكرێت ‌و بەرگوێ ‌‌و دڵ ‌و مێشكیش دەكەوێت و دەمێنێتەوە لەدڵی گوێگردا، هونەرمەند هەیە ئێستا كاری باش‌ و جوان دەكات، كارەكانی لەناودڵدا جێگە دەگرێت، هونەرمەندیش هەیە كارەكانی لەناو گوێ‌‌و لەدەرەوەی گوێدا لە زیكە زیك دەچێت ‌و هیچ نیە دواتر لەدڵی گوێگردا نامێنێ‌، هەمووشمان ئەوە دەزانین بەرهەمە هونەریەكە خۆی دیارە لەگەڵ رێزمدا.

كوردستان24: زۆرتر حەزت لە تێكستی كام شاعیرە؟

ئاریان كەریم: شاعیری باشمان هەن شیعری زۆرێك لەشاعیرانم كردووە بەگۆرانی، لەوانە ئەحمەد محەمەد، ساڵح بێچارە، دیار هەڵەبجەیی، ئاری عەبدولەتیف، دكتۆر زانا ئەحمەد، ئازاد ساحیب قڕان،  زۆرێكی تریش لە شاعیران، كەلەداهاتوودا، شیعرەكانیان دەكەمە گۆرانی، ئارەزووی ‌شیعرەكانیان دەكەم.