نەخشەی پاریس بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ ئاشكرا دەبێت

كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی
كلیان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی

زیاتر لە 6 ساڵە چارەنووسی كلیان ئێمباپێ بەردەوام بە ریال مەدرید بەستراوەتەوە، ئەم بابەتە هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە و پێناچێت ئەم چیرۆكە ئاوها زوو لە نێوان پاریس و مەدرید یەكلایی بكرێتەوە، ئێستاش ئەم یاریزانە ئازادە دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ هەر یانەیەك گفتوگۆ بكات كە خواستی بۆی هەبێت.
گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوو كۆتایی دێت، هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە ئێستادا لەگەڵ هەر یانەیەک دانوستان بکات.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ئەگەری گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ یانەی ڕیال مەدرید هەبووە، تەنانەت لە 2017ـەوە ریال مەدرید كڕیارێكی گەورەی ئێمباپێ بوو كە ئەوكاتیش ریال دەیویست لە مۆناكۆوە بیگوازێتەوە مەدرید.
 ڕۆژنامەنووسی ناوداری فەرەنسی دانیێل ڕیۆلۆ لە ڕادیۆی "RMC" پلان و نەخشەی پاریس سانجێرمانی بۆ هێشتنەوەی كلیان ئێمباپێ ئاشكرا كردووە و رایگەیاندووە رێككەوتن هەیە.
دانیێل ڕیۆلۆ دەڵێت: ئۆفەرە نوێیەكەی پاریس بۆ مانەوەی ئێمباپێ شتێکی بێـوێنە دەبێت، باوەڕپێنەکراوە، ئۆفەرێکە کە زۆر لە 100 ملیۆن یۆرۆ لە وەرزێکدا زیاترە.
ریۆ دەشڵێت: ئەو ئۆفەرەی پاریس بۆ ئێمباپێ كارێكە مەحاڵە هیچ یانەیەک بتوانیت بیكات، سوودی بۆ یاریزانەکە دەبێت، بۆ خێزانەکە، بۆ هەمووان، تەنانەت بۆ ئەو كۆمپانیا و دەزگایەی فایزە عەماری دایکی ئێمباپێ دەیەوێت دروستی بکات، ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم ئەوەی من بیستوومە ئەو ئۆفەرە شتێکی باوەڕپێنەکراوە".
لێدوانی ئەو رۆژنامەنووسە كە لە پێگەی ئاسی ئیسپانیاش بڵاوبووەتەوە ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە لەسەر کاغەز، بڕگەیەك هەیە کە پێشتر لە ئۆفەرەکەی ڕیال مەدرید بوونی نەبووە، یەكەمجارە ئۆفەری ئاوها رووبدات و باوەڕپێنەکراوە".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان لەم دواییانەدا رایگەیاند كە بەڕاستی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو و ئێمباپێ دا هەیە، گوتیشی: رێككەوتنێكمان هەیە و وردەکارییەكەشی ئاشکرا ناكەم، دەمانەوێت ئێمباپێ لەگەڵمان بمێنێتەوە، ئەو باشترین یاریزانی جیهانە، باشترین یانەیش بۆ ئەو پاریس سانجێرمانە".
تەنانەت كلیان ئێمباپێ هەمان قسەی سەرۆكی پاریسی پشتڕاست كردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە رێككەوتنێك هەیە و  جەختی لەسەر گرنگیدان بە بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە چەند مانگی داهاتوودا کردبووەوە.