بلومبێرگ: کۆمپانیای ئەپڵ پێش سامسۆنگ کەوت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی هەواڵێکی "بلومبێرگ"، کۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریکی لە ساڵی 2023دا کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری وەک باشترین بەرهەمهێنەری مۆبایل لە جیهاندا تێپەڕاند.

مۆبایلی ئایفۆن لە ساڵی 2023دا زۆرترین فرۆشی هەبووە، بەمەش لەساڵی 2010ەوە، یەکەمجارە کۆمپانیای سامسۆنگ ئەو پێشەنگایەتییە لەدەست بدات.

بەپیی خەملاندنەکانی کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی "IDC"، مۆبایلی ئایفۆن لە پێنج بازاڕی جیهانیدا، نزیکەی 235 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە.

دەشڵێت: کۆمپانیای سامسۆنگ رێژەی فرۆشەکانی دابەزیوە و گەیشتووەتە 226.6 ملیۆن دانە، لە پلەی دووەمدایە و لە پێش کۆمپانیاکانی چینی وەک شاومی دێت.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، کۆمپانیای سامسۆنگ رایگەیاند، قازانجی کارکردنی لە چارەکی سێیەمدا بە رێژەی لەسەدا 31.39 لە چاو ساڵی پێشووتر دابەزیوە، دوای ئەوەی خاوبوونەوەی ئابووری جیهانی لەسەر کاڵا ئەلیکترۆنییەکان هەبوو.

کۆمپانیای سامسۆنگ رایگەیاند، قازانجی کارکردن لە ماوەی مانگی تەمموز تاوەکو ئەیلوولی 2022 بۆ 10 تریلیۆن وۆن (7 ملیار دۆلار) دابەزیوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا 15.8 تریلیۆن وۆن بووە.