مەسرور بارزانی بە هێزی دیپلۆماسییەت پشتیوانییەکی زۆری بۆ کوردستان کۆکردەوە
K24 - هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جێگەی بەکارهێنانی هێز و زمانی زبر، هێزی دیپلۆماسییەت و زمانی گفتوگۆ و ئاشتی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بەکارهێنا.
دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هێزی دیپلۆماسییەت پشتیوانییەکی زۆری بۆ کوردستان کۆکردەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش فشارێکی زۆر لەسەر ئێران دروستبووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆسەوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان، لە پەراوێژی 54ەمین کۆڕبەندی داڤۆس، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر منداڵ و خەڵکی سڤیلی بێتاوان.
هەموو ئەو سەرۆک و سەرکردە جیهانییانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵیان هەبوو، بە توندتریش شێوە هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کرد و پشتیوانیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. سەرجەم تۆمەتەکانی ئێرانیشیان رەتکردنەوە.
ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رژدی لەسەر خەتە و داوای روونکردنەوە لە ئێران دەکەن سەبارەت بەو هێرشە بێ پاساوەی کراوەتە سەر منداڵی ساوا و بێتاوان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئاشکرایکرد، هەموو رێکارێکی یاسایی دژ بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەگرنەبەر و وەک ناڕەزایەتییەک بۆ هێرشەکانی سوپای پاسداران، دوو سکاڵاشی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.
لە گرنگترین کاردانەوەکانیش؛ کۆشکی سپی رایگەیاند، بە توندی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل سەرکۆنە دەکات. پشتیوانی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
لای خۆشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، بە توندی هێرشەکانی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن، هێرشەکان سەروەری عێراق پێشێلدەکەن و دەبێت رابگیرێن، "پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکان لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەربکرێن، نەوەک بە هێرشکردن".
ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبیش گوتی، بە توندی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەن؛ "هێرشەکە دوژمنکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق".
بڕیاریشە 23ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی کراوە لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامبدات. بڕیاریشە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتارێک پێشکەش بکات، بە ئەگەرێکی زۆریش هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر هەولێر تاوتوێ دەکرێن.