رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدکردنی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک لە مێردین بەڕێوەچوو
K24 - هەولێر
رێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک لە مێردینی باکووری کوردستان، بەڕێوەچوو. برای یەکێک لە قوربانییان دەڵێین، "سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە تاوانباران بە توندترین شێوە سزا بدرێن".
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-01-2024، بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەرپرسانی حکومی و حزبی، رێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک لە مێردینی باکووری کوردستان؛ لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا حەربی جەلالەددین، گوتاری ماڵباتی مالا ئەحمەد جەلالەددین پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، "مەلا ئەحمەد بە درێژایی تەمەنی خزمەتی هاووڵاتییانی دهۆک و دەوروبەری کردووە و بەردەوام هەوڵی چاکەی داوە. لە چەندین گوند و شاری جیاوازی سنووری پارێزگای دهۆک گوتاری ئایینی خوێندووە و خزمەتی ئایینەکەی کردووە".
حەربی جەلالەددین گوتیشی، "مەلا ئەحمەد چەندین پڕۆژەی هەبوون بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا جێبەجێیان بکات. لەوانەش، خەریکی نووسینی چەند کتێبێک بوو، کە کتێبی سوودمەندن و بەمزووانە هێندەی لێیان نووسراوە چاپیان دەکەین و دەخرێنە بەردەستی خوێنەران".
حەربی جەلالەددین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە تاوانبارانی رووداوەکە بە توندترین شێوە سزابدرێن و، باوەڕیمان بە تواناکانی پارێزەرە ماندوونەناسەکانمان هەیە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کرد کە لە هێنانەوەی تەرمی قوربانییان لە باکووری کوردستانەوە بۆ دهۆک هاوکاریکردوون و بەردەوام لەبارەی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ ئەوان لەسەر هێڵ بوون و دەنگیان گەیاندوون.
لەلایەن خۆیەوە د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رووداوی شەهیدکردنی هەر پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک، "دڵتەزێن بوو و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی خەمبار کرد".
د. پشتیوان سادق گوتیشی، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی تورکیا و دادگاکان دەکەین دۆسیەی کوشتنی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک یەکلابکەنەوە. با یاسا سەروەربێت و تۆمەتباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن".
بە گوتەی د. پشتیوان سادق، "مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو کەمتەرخەمییان نەکردووە بۆ ئەوەی هۆشیاری نیشتمانی و هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە و شانازییان پێوە دەکەین".
ساڵی رابردوو، 19-01-2023، پێنج هاووڵاتیی دوو خێزانی دانیشتووی شاری دهۆک کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چووبوونە تورکیا، لە رێگەی سەرەکیی نسێبین - مێردین لە باکووی کوردستان، دوو چەکدار ئۆتۆمبێلەکەیان راگرت و بە دەمانچە هەر پێنجیان کوشتن.
حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (تەمەن 69 ساڵ)، چیمەن شاهین خالید (تەمەن 75 ساڵ)، هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (تەمەن 39 ساڵ)، واحیدە حەیدەر جاسم (تەمەن 63 ساڵ) و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم (تەمەن 45 ساڵ) ئەو پێنج هاووڵاتییەی دهۆک بوون کە لە رووداوەکەدا شەهیدکران.