بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کران

K24 - هەولێر

بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران، هاوکات 25 کیلۆ و 800 گرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیرا.

بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە بەردەوامی هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەشەوی 12 لەسەر 13ـی 1ـی 2024، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان کە دوانیان بیانیین دەستگیر بکرێن.

گوتیشی: لەم چاڵاکیەدا بڕی 25 کیلۆ و 800 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ لە شارۆچکەی سیدەکان و سەنتەری شاری هەولێر دەستی بەسەردا گیرا .

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو باندەی دەستگیکراون پێکهاتەی باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردنن بە ماددە هۆشبەرەکان و لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان یەکێک لەبازرگانەکان رووبەڕووی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بووەوەو دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.