لە ماڵی پێشڕەو دزەیی چی دۆزرایەوە؟

K24 – هەولێر:

درەنگانی شەوی دووشەمە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەکێك ماڵی پێشڕەو دزەیی کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا خۆی و ژینای کچی کە تەمەنی 11 مانگ، لەگەڵ دوو کەسی دیکە شەهید بوون و خێزان و کوڕەکەشی بە سەختی برینداربوون، دوای رووداوەکە چەندین وڵاتی جیهان هاتنە سەر هێڵ و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارە ناڕەوایەیان کرد، لیژنەی پەرلەمانی عێراقیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەدا: "کەو ئەو ماڵە ماڵی کەسێکی ئاسایی بووە و بارەگای مۆساد نەبووە".

موخلیس کاوانی، مامۆستای ئایینی، باسی لە شەوی روودانی کارەساتەکە کرد و گوتی: شەهید پیشڕەو دراوسێی من بوو، ئەو کاتەی کە هێرشەکە کرا ئێمە هەموومان هەستمان پێکرد و ماڵی ئێمەش لەگەڵیدا زیانی بەرکەوت.

جەرگ و ناخمان ژان دەکات بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە

ئەو مامۆستا ئایینییە باسی لەوەشکرد، زەوی و ئاسمان چۆن ناهەژێن و ناگرین کە منداڵێکی جوان و پەپوولەئاسا بەو شێوە دڕندانە بووە قوربانی، "لە رۆژی دوایدا خودای گەورە لەو منداڵە دەپرسێت کێ تۆی کووشت و بە چی تۆیان کووشت!" با بکەرانی ئەم تاوانە لە رۆژی دوایی وەڵامی خودای گەورە بدەنەوە. موخلیس کاوانی، گوتیشی: جەرگ و ناخمان ژان دەکات بۆ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە.

ئەو مامۆستا ئایینییە ئەوەشی خستەڕوو، لەناو ماڵەکەیدا قورئان و بەرماڵی نوێژکردن دۆزرایەوە، ئایا ئەمە بارەگای مۆساد بوو یان ماڵی کەسێکی مووسڵمان بوو؟، لە رۆژی دواییدا تاوانباران دەبێت وەڵامی ئەو قورئانە و وەڵامی خاوەنی ئەم قورئانە بدەنەوە کە خودای گەورەیە.

موخلیس کاوانی، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک لە کتێبی فەرموودەکانی پێغەمبەرمان محەممەد دروودی خوای لەسەر بێت دۆزرایەوە لەو ماڵە، هەر کەسێک یەک بڕوادار بە ناهەق بکوژێت خودای گەورە چوار جار تۆڵەی لێدەکاتەوە، دەیخاتە بەر نەفرەتی خۆی و گەورەترین سزاشی دەدات لە دۆزەخ.

خودای گەورە تۆڵەمان بۆ دەستێنێتەوە

ئەو مامۆستا ئایینییە، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کاتێ گەڕاینەوە لای پەروەردەگار دەڵێن باشە خودایە ئەو وڵاتانە بۆ وایانم لێکردین بۆ هەمیشە ئێمەیان بە ئامانج دەگرت، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووین!، خودای گەورە تۆڵەمان دەستێنێتەوە.

گوتیشی: "سوێند دەخۆین لەکاتی گەڕانمان لەو ماڵە جگە لە قورئان، بەرماڵ، ئاوی زەم زەم، تەزبیح، وێنەی ژینا و کەرستەی یاریکردنەکانی وەڵاهی سوێند دەخۆم هیچی دیکەمان نەدۆزییەوە، تەنانەت چەکێکی لێ نەبووە، لەبەردەم خودای گەورە شاهێدی دەیەن جگە لە بنەماڵەیکی سڤیلی بێ تاوان ئەم خانووە هیچ شتێکی دیکەی لێ نەبووە کە هەر هەموو کونجوکەلێنی ئەم ماڵە گەڕاین.

لەلایەن خۆیەوە کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەر لەسەر ئەم رووداوە دەڵێت، ئەو شەوەی کە رووداوەکە روویدا ئێمە لە ماڵەوە بووین و پەیوەندیمان پێوەکرا کە کارەساتێکی وا روویداوە، بە خێرایی گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، ئەوەی ئێمە بینیمان رووداوە نەبوو کارەسات بوو.

دیمەنەکە زۆر دڵتەزێن بوو وەسفناکرێت و تاوەکو ئێستا لە شۆکێکی گەورەداین

ئاماژەی بەوەشدا، دوای گەڕانێکی زۆر لەژێر داروپەردووی باڵاخانەکە تەرمی ژینای 11 مانگمان دۆزیەوە، دیمەنەکە کارەساتێکی زۆر دڵتەزێن بوو بۆ ئێمە ناتوانین وەسفی بکەین و تاوەکو ئێستا لە شۆکێکی گەورەداین.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی، دەڵێت: ئێمە لە شەوی رووداوەکەدا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەبێ ئەوەی پشوو بدەین کارمان کرد بە دوای کەسەکان گەڕاین و بە تایبەت کە تا ئێستا یەکێکیان بێسەروشوێنە، هیچمان نەدۆزیەوە، دواتر چووین لە شوێنێکی دیکەی خانووەکە گەڕاین تەرمی ژینای 11 مانگمان دۆزییەوە.

ئەمە ماڵێکی ئاسایی بووە، جگە لە خەڵکی سڤیل کەسی دیکەی لێنەبووە

کاروان میراودەلی، جەختی لەوەشکردەوە، بە هەموو بەڵگەکان و بە هەموو ئەو گەڕانانەی کە کردوویانە، ئەمە ماڵێکی ئاسایی بووە، جگە لە خەڵکی سڤیل کەسی دیکەی لێنەبووە، بوونی بارەگای مۆسادیش دوورە لە راستییەوە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

 هەروەها رۆژی یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق کە سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کردبوو، دەڵێت، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە، نەک بنکەی سیخوڕی".