هاووڵاتییانی ئێران توانایی کڕینی جلوبەرگی نوێیان نەماوە

هاووڵاتییانی ئێران توانایی کڕینی جلوبەرگی نوێیان نەماوە
هاووڵاتییانی ئێران توانایی کڕینی جلوبەرگی نوێیان نەماوە

K24 - هەولێر

هەژاری و گرانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. فرۆشیارانی جلوبەرگ دەڵێن، جلوبەرگی نوێ زۆر گرانە و هاووڵاتییان توانایی کڕینی جلوبەرگی نوێ و مارکەیان نەماوە و هەر بۆیەش ڕوویان کڕینی جلوبەرگی کۆن کردووە.

ئەم زستانە دووکانەکانی فرۆشتنی جلوبەرگ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆڵتر لە ساڵانی ڕابردوون. سەرەڕای بارینی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما، جلوبەرگی زستانە کڕیاری نییە. فرۆشیاران، گران بوونی جلوبەرگ و هەژاریی هاووڵاتیان بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەی بازاڕ دەزانن.

لەم نێوەدا جلوبەرگی نوێ و بە تایبەت مارکە بیانییەکان کە بە نرخەکەیان پەیوەندیی بە بەهای دۆلارەوە هەیە گرانییەکی زیاتریان پێوە دیارە و هەر بۆیە کەمتریش کڕیاریان هەیە. هاووڵاتیان ناچارن یا جلوبەرگی ساڵانی پێشوویان بپۆشن یان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان ڕوو لە کڕینی جلوبەرگی کۆن و بازاری لەنگە بکەن.

کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان کە دەرەنجامی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکییی ئێران و دەستوەردانەکانی ئەم وڵاتە لە وڵاتانی دیکەن، تا دێ لەسەر ئابووریی ئەم وڵاتە زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام بە پێداگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر سیاسەتە سەربازییەکانی لە ناوچەکە، هاووڵاتیان ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە بەدی ناکەن.