مامۆستایەکی ئاینی: ئەوەی لەسەر خاک و ناموس و ماڵی خۆی بکوژرێت شەهیدە

خۆپیشاندانەکەی شێخان
خۆپیشاندانەکەی شێخان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، هاووڵاتییانی شێخان و دەوروبەری لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندانیان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەی شێخان دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، مەلا سەعید، رایگەیاند، "بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان شەهید دەکرێن کە منداڵی 11 مانگی تێدابووە، ئایا منداڵی 11 مانگ هی ئەوەیە شەهید بکرێت؟، ئایا وەڵامی ئێران چییە؟ کە ئەو منداڵە لەرۆژی قیامەت داوای مافی خۆی دەکات".

گوتیشی: "ئێران بۆچی مووشەکەکانی لەهەولێر دەدات، هەولێر پایتەختی ئاشتیی و مرۆڤایەتی و کوردستانە، دەشڵێت: ئایا نازانی خوای گەورە دەفەرمووێت "هەر کەس کەسێکی بەناحەق بکوژێت وەکو ئەوە وایە هەموو خەڵکی سەر زەوی کوشتبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئایا کوردستان ئەمینە لەدەستی ئێران؟ وەڵام نەخێر". دەشڵێت: ئەوەی لەسەر خاک و ناموس و ماڵی خۆی بکوژرێت شەهیدە، بۆیە ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین، خاوەن ئیرادەی خۆمانین، هەروەک سەرۆک بارزانی گوتی: "دەتوانن بمانکوژن بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن"، لەبەرئەوە دەڵێنە هەموو دوژمنەکانمان ئەوانەی کۆمەلکوژی و کیمیابارانی ئێمەیان کرد چیان لێهات، هەموویان گۆڕ بەگۆڕ چوون.

ئەو مامۆستایە گوتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ بە موسڵمان و ئێزیدی و مەسیحی لە قەزای شێخان گردبووینەوە و هەموومان ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.