هەفتەی داهاتوو لە تەواوی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سلێمانی پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە

دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی
دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی

K24 - هەولێر

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە کوردستان24 راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە 786 ناوەند پرۆسەی خوێندن ئاسایی بووەتەوە و لە هەوڵدان لە سەرەتای هەفتە داهاتوودا پرۆسەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست بکرێتەوە و مامۆستا و قوتابیان بگەڕێنەوە بەر خوێندن.

عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گوتی: تاوەکوو ئێستا پرۆسەی خوێندن لە 786 قوتابخانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاسایی بووەتەوە و پرۆسەی خوێندن رۆژانە بەردەوامە و کتێب بە سەر قوتابیان دابەشکراوە.

گوتیشی: بڕیارە لە یەکشەممەی داهاتووەوە 28ی کانوونی دووەمی 2024 خوێندن لە قوتابخانەکانی دیکەش ئاسایی بکرێنەوە، کە بەشی زۆرینەیان قوتابخانەی بنەڕەتین.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، تاوەکوو رۆژی دووشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2024 دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بەمشێوەیە بووە:

- خوێندنی پیشەیی 100%

- قوتابخانە ئامادەییەکان 89%

- قوتابخانە ناوەندییەکان 60%

- قوتابخانە بنەڕەتییەکان 28%