عه‌بدولڕه‌حمان جه‌زائیری: ئه‌مه‌ریكا به‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ عێراق ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌

عه‌بدولڕه‌حمان جه‌زائیری، پسپۆڕی بواری ئاسایش
عه‌بدولڕه‌حمان جه‌زائیری، پسپۆڕی بواری ئاسایش

K24 - هەولێر:

پسپۆڕێكی بواری ئاسایش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌ی ئێستای بارودۆخی عێراق، له‌و وڵاته‌ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌شڵێت، عێراق توانای كۆنتڕۆڵكردنی گرووچه‌ چه‌كداره‌كان و پاراستنی دۆسیه‌ی ئه‌منی نییه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 26ـی كانوونی دووه‌می 2023) عه‌بدولڕه‌حمان جه‌زائیری، پسپۆڕی بواری ئاسایش تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان نییه‌ و ناتوانێت دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ ده‌ست خۆیدا بێت.

عه‌بدولڕه‌حمان جه‌زائیری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌ی ئێستا له‌ عێراق ده‌رناچن، چونكه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان مه‌ترسین بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق، ئه‌مه‌شیان به‌ روونی به‌ عێراقییه‌كان گوتووه‌.

ئه‌و پسۆڕه‌ ئه‌منییه‌ باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق نه‌مێنن، ده‌بێت ده‌سته‌به‌ری دۆسیه‌ی سه‌قامگیری ئه‌منی وڵاتی كردبێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی، عێراق ناتوانێت رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ببێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ به‌رگری ئاسمانی بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كرێت.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیەی ئەمەریكا و عێراق لە دیالۆگی هەماهەنگی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان لە مانگی ئابی 2023 لە واشنتن دەستیانپێكردووە، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.

ئۆستن ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەمە هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوانمان لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پابەندی خۆی بە پاراستنی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتدەكاتەوە و ئاماژەبەوەش دەكات، گفتوگۆکانیشیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ هەڵسانگادنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی كاتی بۆ ماوەی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەست بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتی لە دژی داعش دەکرێت و کار دەكەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق. لە و ماوەیەشدا، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رێگریکردن لە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی (24ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتی ئەمەریکا نامەیەکی ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی نامەکەی ئەمەریکا ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشوازی له‌ ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كردووە و، له‌ دیدارێكدا نامه‌یه‌كی گرنگی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكای بۆ حكومه‌تی عێراق پێگه‌یاندووە.