دوای هێرشەکەی سەر هەولێر؛ تومەنی ئێرانی سەدا 10ـی بەهاکەی لەدەستداوە

دوای هێرشەکەی سەر هەولێر؛ تمەنی ئێرانی سەدا 10ـی بەهای خۆی لەدەستداوە
دوای هێرشەکەی سەر هەولێر؛ تمەنی ئێرانی سەدا 10ـی بەهای خۆی لەدەستداوە

K24 - هەولێر

دوای هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، تومەنی ئێرانی سەدا 10ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.

لە دوای هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کورستان و دوو وڵاتی دیکەی ناوچەکە، بەهای دراوی ئەم وڵاتە (تومەن) بەردەوام ڕووی لە دابەزین کردووە.

لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا؛ بەهای دراوی ئێران سەدا 10 دابەزیوە و ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنیی زۆری لەسەر بازاڕی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.

لە درێژەی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی، بەهای هەر یەک لە پاوەندی بەریتانی و یۆرۆی یەکێتیی ئەوروپا ژمارەی پێوانەییان تۆمارکرد و گەیشتنە زۆرترین ئاست لە مێژووی ئێراندا. بەهای یەک دۆلاریش کە لە ڕۆژی هێرشەکەدا پەنجا هەزار تمەن بوو، گەیشتووەتە سەرووی 55 هەزار تمەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا داوایان لە بازرگانان و خەڵکی کوردستان کردووە، کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەن. ئەم داوایە نیگەرانیی ژووری بازرگانیی ئێرانیشی لێ کەوتەوە و، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیربوونی بازاڕی دراوی ئێران و دابەزینی بەهای دراوی ئەم وڵاتە بێت.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".