618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق 618 ملیار دینارەکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-01-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، 618 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەر کە 618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؛ رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن.

رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

رۆژی یەكشەممە، 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە.