ماكسیم رۆبن: په‌یوه‌ندی رووسیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مێژووییه‌

ماكسیم رۆبن
ماكسیم رۆبن

K24 – هەولێر:

ماكسیم رۆبن كونسوڵی گشتی رووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، په‌یوه‌ندی رووسیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مێژووییه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێمه‌ هاوكاری له‌ ژماره‌یه‌ك بواردا ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش، بواری سیاسی، ئابووری و كولتووری.

ده‌شڵێت: رووسیا په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی درێژ و دۆستانه‌ و به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌رێمێكی ئارام داده‌نێین و كه‌ هه‌وڵ بۆ دانانی په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ده‌دات، كونسوڵخانه‌ی گشتیی رووسیاش یه‌كه‌م كونسوڵخانه‌ی بیانی بوو، له‌ هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وپێش ببه‌ن و گوتی: "له‌سه‌رمان پێویسته‌ گفتوگۆی سیاسیی به‌رهه‌مدار و هاریكاری ئابووری به‌رهه‌مدارمان هه‌بێت، كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌ بواری وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن، ئه‌وانیش هه‌ردوو گه‌وره‌ كۆمپانیای گاز پرۆم نه‌فت و رۆس نه‌فتن و تێكڕای وه‌به‌رهێنانه‌كانی رووسیا له‌بواری وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، زیاتره‌ له‌ 5 ملیار دۆلار".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووس و كورد له‌ته‌واوی سێكته‌ره‌كاندا، داهاتووی باشیان هه‌یه‌. بێگومان پێشوازی له‌ هیچ ده‌ستوه‌ردانێك و پێشێلكارییه‌ك و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ ناكه‌ین، عێراقیش وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و دۆستی رووسیای فیدراڵه‌، پێشوازیش له‌ هیچ هێرشێك بۆ سه‌ر شوێنه‌كان و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان ناكه‌ین.

له‌باره‌ی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ماكسیم رۆبن گوتی: "رووسیا له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ رۆڵ و پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌ت و به‌ره‌وپێشچوون و ئه‌و دۆخانه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ن".

پێشتریش رۆبن رایگه‌یاندبوو، كۆمپانیاكانی رووسیا له‌ كاركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن و راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كاریگه‌ریی له‌ كاری كۆمپانیاكان كردووه‌.

كونسوڵی گشتی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، عێراق و توركیا له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ گفتوگۆدان.

رۆبن دووپاتیشیكردبووه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رووسیا زۆر به‌هێز و متمانه‌پێكراون.