عه‌زام حه‌مدانی: هیچ رێككه‌وتنێك له‌ ئارادا نییه‌ بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ناو پارێزگای كه‌ركووك

عه‌زام حه‌مدانی، سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركووك
عه‌زام حه‌مدانی، سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركووك

K24 – هەولێر:

سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركووك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تا ئێستا رێككه‌وتنێك له‌ ئارادا نییه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ك له‌ناو پارێزگای كه‌ركووك نیشان بدات بۆ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی براوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگای شاره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 31ـی كانوونی دووه‌می 2024) عه‌زام حه‌مدانی، سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركووك تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، عه‌ره‌ب ناخوازێت به‌ ته‌نیا پارێزگاری كه‌ركووك دابنێت، به‌ڵكو مه‌به‌ستیه‌تی كورد و ئه‌وانی دیكه‌یش به‌شداری بكه‌ن و ئه‌مه‌ بڕیارێكه‌ بۆ هه‌مووانه‌ و هه‌مووان ده‌بێت تێیدا به‌شدار بن.

 عه‌زام حه‌مدانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ركووك به‌رده‌وام ئه‌و شاره‌ بووه‌ كه‌ عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و ئه‌وانی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی رای جیاوازیان هه‌بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش باسی له‌وه‌ كرد، دواخستنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ پارت و رێكخستنه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی سیاسی و نه‌خشه‌ی سیاسی كه‌ركووك دیاری بكه‌ن و پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، تا ئێستا رێككه‌وتنێك له‌ ئارادا نییه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ك له‌ناو پارێزگای كه‌ركووك نیشان بدات بۆ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی براوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگای شاره‌كه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌وانی دیكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر بە نووسراوێک وادەی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکووکی دواخست، کە بڕیاربوو کاتژمێر دووی دوا نیوەڕۆی سبەی پێنجەشەممە بەڕێوەبچێت، پاساوی دواخستنی کۆبوونەوەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنەکان.