سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کوردستان24: سزادانی ئێران بڕیارێکی دروست بوو

رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا
رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، سەپاندنی سزا بەسەر چەند ئەندامێکی حکومەتی ئێران هەنگاوێکی راست و دروست بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-02-2024، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەكێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا؛ رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا سزایان بەسەر چەند ئەندامێکی حکومەتی ئێراندا سەپاندووە، ئەو سزایانە تاکە بڕیارێک بووە کە دەیانتوانی بیدەن و بڕیارە راستەکەش بووە.

رۆبێرتا میتسۆلا گوتی، "ئەوە راستە ئێمە لە پێشوودا سزامان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەوردی چاودێری دەرئەنجامی گفتگۆکانی وەزیرانی بەرگریی دەکەین تا بڕیاری خۆمان بدەین، لە روانگەی هەڵسەنگاندنی راستییەکانەوە بەشێک فەرماندە و ئەندامانی حکومەتی ئێران لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوە تاکە بڕیارێک بوو کە دەمانتوانی بیدەین، پێم وایە بڕیارە راستەکەش بووە".