لیستی مووچەی مانگی یەک بڵاوکرایەوە

لیستی مووچەی مانگی یەک بڵاوکرایەوە
لیستی مووچەی مانگی یەک بڵاوکرایەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووریی  لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی خشتەکە، لە هەفتەیەکدا مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش دەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-02-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی 2024ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا هەموو فەرمانگە و وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن.

بە گوێرەی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاویکردووەتەوە، سبەی هەینی، 02-02-2024، بە وەزارەتی تەندروستی، دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم) دەستپێدەکات. دابەشکردنی مووچەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، بەردەوام دەبێت.

 

لیستی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "کەمێک لەمەوبەر بڕی (618) ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، ئەو 618 ملیار دینارە، دەکاتە سەدا 65ـی کۆی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی (325) ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە، سبەی هەینی، 02-02-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

رۆژی یەكشەممە، 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە.