هەڵمەتی پشکنینی کافتریا و رێستۆرانتەکان بۆ ماددەی هۆشبەر بەردەوامە

K24 – هەولێر:

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێک لە وەزارەتی تەندروستی و لێژنەیەک لە پارێزگای هەولێر، لە هەڵمەتی پشکنینی کافتریا و رێستۆرانتەکان بۆ ماددەی هۆشبەر بەردەوامن و پشکنین بۆ تەواوی کارمەندانی کافتریا و رێستۆرانتەکان دەكەن، هاوكات نموونەی توتنی نێرگەلەی كافتریاكان لە تاقیگەی تایبەت پشكنینی بۆ دەكرێت، ئەم هەڵمەتە بەو ئامانجەیە هاووڵاتییان پارێزراو بن لە ماددەی هۆشبەر.

پزیشکێک، کە ئەندامی تیمی وەزارەتی تەندروستییە بۆ پشکنینی کافتریاکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشکنین بۆ کارمەندانی کافتریاکان دەکرێت، زۆر کەسیش کە سەردانی کافتریا دەکات و جێگەی گومانە پشکنین بۆ ئەوانیش دەکرێت.

تەواوی کافێ و رێستۆرانتەکان دەپشکندرێن لەگەڵ توتنی نێرگەلەکان، بەشێک لە توتنەکان دەبەنەوە تاقیگەی گەورە و دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی وردەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت ئاخۆ ماددەی هۆشبەر لەناو توتنی نێرگەلەکە هەیە یاخوود نا.

لەلایەن خۆیەوە ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی گوت: بۆ ماوەیەکی دورودرێژە دەستمان بەو هەڵمەتە کردووە و بەردەوامین، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان پشکنین بۆ کافێ و رێستۆرانتەکان دەکرێت، لە هەڵمەتەکە توتنی نێرگەلەی کافتریاکان وەردەگیرێت و پشکنین بۆ کارمەندەکانیش دەکرێت.

گوتیشی: لە ئەنجامی پشکنینەکان ئەگەر دەرچوو ئەو کافێیە یان ئەو رێستۆرانتە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن ئەوا رێکاری یاسایی زۆر توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە دوای تەواوبوونی پشکنینی توتنی نێرگەلە و پشکنینی تەواوی کارمەندانی کافێ و رێستۆرانتەکان، بەڵێننامە بە خاوەنی کافتریا و رێستۆرانتەکان پڕ دەکرێتەوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک حاڵەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن کارمەند و تێکەڵکردنی بە توتنی نێرگەلە رووبدات، چونکە رووبەڕووی قورسترین سزای یاسایی دەبنەوە و شوێنەکەش بۆ هەمیشەیی دادەخرێت.

سەرمەند بەرزنجی: ئەنجامی پشکنینەکان دلخۆشکەرن

سەرمەند بەرزنجی، ئەندامی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆر جار باس لەوە دەکرا ماددەی هۆشبەر لە کافتریاکان لەنێو نێرگەلە یاخود لەنێو معەسەلەکەی دەکرێت، خۆشبەختانە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەل پۆلیس و تیمی تەندروستی هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ پشکنینی کافتریا و ئەو شوێنە گشتیانەی کە نێرگەلکەی لێدەکێشرێت.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئاماژەی بەوەدا، هەڵمەتەکە بەردەوامە و ئەنجامەکانیش دڵخۆشکەرن، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لە پشکنینەکان ئەو شتە بەدی نەکراوە.

سەرمەند بەرزنجی، راشیگەیاند، نموونەی توتن لە کافتریاکان وەرگیراوە و تا ئێستا ماددەی هۆشبەری تێدا نەبووە، بەڵام تیمەکان لە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبن لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، تەنانەت کارمەندی کافتریاکانیش پشکنینیان بۆ دەکرێت.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، گوتیشی: هەر کافتریایەک یان رێستورانتێک لە پشکنینەکان دەرنەچوون بەپێی یاسیا رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر.

سەرمەند بەرزنجی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەڵمەتی پشکنینی کافتریاکان بەردەوام دەبێت، لە داهاتوودا شار و شارۆچکەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، دایک و باوکان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە چاودێری منداڵەکانیان بکەن و بزانن کاتەکانی خۆیان لەکوێ بەسەردەبەن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بە تایبەت ئاڵودەبوون بە ماددەی هۆشبەر.