بژار مزووری: دەرچووانی زانکۆ چینییەکان ئەگەری دەستکەوتنی کاریان زۆرە

بژار مزووری، باڵیۆزی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی پەکین فۆرێستری چین
بژار مزووری، باڵیۆزی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی پەکین فۆرێستری چین

K24 - هەولێر

قوتابییەکی کورد کە لە زانکۆیەکی چین دەخوێنێت، دەڵێت، "دەرچووانی زانکۆ چینییەکان ئەگەری دەستکەوتنی کاریان زۆرە". ئاماژە بەوەش دەدات، "دەیان قوتابی کورد لە زانکۆکانی چین دەخوێنن".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-02-2024، بژار مزووری، باڵیۆزی خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی پەککین فۆرێستری چین لەمیانی بەشداریکردنی لە بەیانی24، رایگەیاند، "ئەگەر زانکۆکانی چین فۆڕمی سکۆلەرشیپێکیان بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاوکردەوە، قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و داواکاری بۆ خوێندن لەو وڵاتە پێشکەش بکەن. دواتریش دەتوانن لە رێگەی کونسوڵخانەی چین، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکەیان بکەن".

بژار مزووری کە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێکە لە رێگەی سکۆلەرشیپ لە چین دەخوێنێت، دەڵێت، "تێچووی خوێندن لە زانکۆکانی پەککینی پایتەختی چین بەراورد بە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە زۆر زیاترە، بۆیە زۆر جار فێرخوازان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر داواکاری خوێندن بۆ شارەکانی دیکەی چین پێشکەش دەکەن. هەڵبەتە تێچووی خوێندن لە زانکۆ یەکەمەکانی چین زۆرە".

ئەو قوتابییە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر جار لەگەڵ خوێندکارەکە کوردەکانی زانکۆکانی دیکەی چین چالاکی جۆراوجۆرمان هەبووە و کارمان بۆ ناساندنی ناسنامە و کەلتووری گەلی کورد، بە گەلی چین و هاووڵاتییانی دیکەی بیانی کردووە. لەسەر ئاستی زانکۆکانیش زۆر جار بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردییەوە، چالاکیمان ئەنجام داون".

بە گوتەی بژار مزووری، "کاتێک ئەو قوتابیانەی لە زانکۆکانی چین دەخوێنن، خوێندنەکەیان تەواو دەکەن، بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، زووتر کاریان دەست دەکەوێت، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی لە زانکۆ هەرە باشەکانی ئەو وڵاتە دەخوێنن. ئەمەش وادەکات، قوتابیان لە وڵاتانی جیاوازە بۆ خوێندن سەردانی چین بکەن".