کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی عێراق و سووریا دەستیپێکرد

K24 – هەولێر:

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشیسەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق و سووریا و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە لەسەر داوای رووسیا دەستپێکرد.

پێشتر رووسیا هێرشەکانی ئەمه‌ریکای بۆ سەر عێراق و سووریا بە پێشێلکردنی سەروەری ئەو دوو وڵاتە ناوبرد و رایگەیاندبوو، هێرشەکان دەبنە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ی شوباتی 2024) حەوت ناوچەی لە عێراق و سووریا بۆمبارانکردن و رایگەیاند، 85 ئامانجیان پێکاوە کە بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن، بەهۆیەوە نزیکەی 35 چەکدار کوژران.

هێرشەکەی ئەمەریکا وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە درۆنییەی حزبوڵڵای عێراقی بوو، کە (28ی کانوونی دووەمی 2024) کردیە سەر بنکەی تاوەر 22ی سەربازانی ئەمەریکا لە خاکی ئوردن، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشیسەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق دوو رۆژ دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر (17ی کانوونی دووەمی 2024) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، سکاڵایەکی تایبەت بەو هێرشە پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، کە بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.

نوێدەکرێتەوە..