تەواوی ئەو گۆڕانكارییانەی 4 یانە كوردستانییەكە كردوویانە
دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزان لە عێراق داخرا، چوار یانە كوردستانییەكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق كۆمەڵێك گۆڕانكارییان كردووە، لە نێویاندا یانەی نەورۆز دەستبەرداری زۆرترین یاریزان بووە، یانەی هەولێریش زۆرترین یاریزانی گواستووەتەوە، یانەی زاخۆش لە نێو یانە كوردستانییەكان كەمترین یاریزانی هێناوەتە ریزەكانی، دهۆكیش یاریزانی گواستووەتەوە.
یانەی هەولێر 6 یاریزانی گواستووەتەوە
هەولێر بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق بە راهێنەرایەتی حەیدەر عەبدولئەمیر 6 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، شەوی رابردوو بە چەند كاتژمێرێك پێش داخستنی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان گۆڵپارێزێكی دیكەی گواستەوە.
1ـ عەلی موحسین، ناوەراستكاری تەمەن 24 ساڵ لە یانەی حدوودەوە پەیوەندی بە بەرگزەردەكانی پایتەختی كوردستان كردووە، ئەو یاریزانە پێشتر یاریی بۆ یانەكانی زەورا و زاخۆش كردووە.
2ـ عەلا خەلیل گۆڵپارێزی تەمەن 32 ساڵ لە یانەی ئەمانەی بەغداوە پەیوەندی بە یانەی هەولێر كردووە، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی نەجەف، نەفتی میسان و تەڵەبەش كردووە.
3ـ هێلیۆ مۆنتێرۆ، بەرگریكاری بەرازیلی تەمەن 34 ساڵ، پێشتر یاریی بۆ گاڵدێنس، كۆمێرشیاڵ و میراسۆڵی بەرازیلی كردووە، لە خولی نایابی وڵاتانی زیمبابۆێ و لاتیڤیاش یاریی كردووە، بۆ یەكەمجار لە دەرگەی یانەی زاخۆ لە 2020 پەیوەندی بە خولی عێراق كرد، وەرزی رابردووش ئەزموونێكی نوێی لەگەڵ یانەی هەولێر تاقی كردەوە، بەڵام هەولێر پێش دەستپێكی وەرزی نوێ لەبەرژەوەندی یانەی تەڵەبە دەستبەرداری بوو، ئێستاس سەرلەنوێ گەڕایەوە هەولێر.
4ـ یاسر سەلام، بەرگریكاری تەمەن 27 ساڵ، لە یانەی نەجەفەوە گەڕایەوە یانەی هەولێر، پێشتر لە 2021 لە یانەی كەرخ گواسترایەوە هەولێر، یاریزانی پێشووتری یانەی قوە جەوییەش بووە، ئەم یاریزانە بەوە ناسراوە بەرگریكاری لەسەرخۆ و هێمنە، لەڕووی هێرشبەرییەوە بەتوانایە، وەرزی رابردوو یاریی بۆ نەفتی میسان كرد، گۆڵێكی كوشندەشی لە زەورا تۆمار كرد و سەركەوتنی بۆ یانەكەی بەدەستهێنا.
5ـ گەیلان لوقمان، هێرشبەری لاوی كوردی پێشووی یانەكانی زاخۆ و تەڵەبە 6 كاتژمێر پێش داخستنی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد. ئەم یاریزانە لە باڵەكان خێرایە و خاوەنی جموجۆڵێكی هونەری بەرزە ئەم وەرزە لە خولی نایابی كوردستان یاریی بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەكات و پێشتر یاریزانی یانەی برایەتیش بووە.
6ـ لەیس معن، گۆڵپارێزی پێشووی یانەكانی زاخۆ، دیوانیە و نەفتی وەسەت، دوایین گرێبەستی گواستنەوەی زستانەی یانەی هەولێر بوو، یانەی ئەلكەرمە دوایین یانە بووە كە ئەم گۆڵپارێزە لە خولی نایابی عێراق یاریی بۆ كردووە.
8 یاریزان لە یانەی هەولێر رۆیشتن
پێش ئەوەی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت كۆمەڵێك یاریزان ریزەكانی یانەی هەولێریان جێهێشت، رێباز عەبدوڵڵای گۆڵپارێز بۆ خولی نایابی عێراق پەیوەندی بە یانەی ئەلكرمە كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە زێدان عەبدولجار لە یانەی هەولێرەوە روویكردە شوڕتە، ئاسۆ رۆستەمیش بە فەرمی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكە هەڵوەشاندەوە، بە هەمان شێوە عەلا مەهاویش پەیوەندی بە یانەی نەجەف كرد. جگە لەوەش هەولێر دەستبەرداری دوو یاریزانی پیشەگەری بوو (بڕۆنۆ پیسۆ و فرانك هارین). محەمەد موحسین و حوسێن جولیش ریزەكانی قەڵاومنارەیان جێهێشتووە و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.
دهۆك 4 ئەستێرەی گواستەوە
یانەی دهۆك لە گواستنەوەی زستانە بە راهێنەرایەتی ئەحمەد خەلەف، 3 یاریزانی لە یانەی دالكوردەوە گواستووەتەوە، لە نێویاندا دوو سووپەرستاری كورد گەڕانەوە خولی عێراق و پەیوەندییان بە یانەی دهۆك كرد.
1ـ ئەیسەر قاسم، ئەستێرەی كوردی 22 ساڵان لە دەرگەی یانەی دهۆكەوە گەڕایەوە خولی عێراق، وەرزی رابردوو یاریی بۆ یانەی دالكورد كرد، پێشتر لە خولی نایابی عێراق یاریی بۆ یانەی زاخۆ كردووە، لە خولی كوردستانیش لە یانەی هەندرێن درەوشایەوە.
2ـ هاروون ئەحمەد، ناوەراستكاری 30 ساڵان، لە هاوینی 2020 لە دەرگەی یانەی زاخۆ بۆ خولی سویدی و یانەی دالكورد گواسترایەوە، دواتر بەشێوەی خواستن لە 2022 یاریی بۆ یانەی دهۆك كرد، لە گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵیش بە فەرمی بۆ دهۆك گەڕایەوە.
3ـ عیماد لواتی، هێرشبەری پیشەگەری توونسی تەمەن 30 ساڵ، بە درێسی یانەی دالكورد بەشداریی 18 یاریی كردووە، 9 گۆڵ و 3 ئاسیستی تۆمار كردووە، لە خولی كۆریای باشوور، دانیمارك و لیبیاش یاریی كردووە، یەكەمین ئەزموونی لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لەگەڵ دهۆك تاقی دەكاتەوە.
4ـ ئەحمەد خالید، بەرگریكاری تەمەن 24 ساڵان، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی نەفتی میسان، ئەمانەی بەغدا، كەربەلا و تەڵەبە كردووە، دوایین گرێبەستی گواستنەوەی زستانەی یانەی دهۆك بوو.
دهۆك دەستبەرداری 4 یاریزانی بوو
دهۆك پێش ئەوەی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت چوار یاریزانی بەڕێكرد، كە پێكهاتوون لە (محەمەد خالید كۆفی، محەمەد عەدنان دوحی، پاتریك ئینجومبی و عومەر عەتاڵڵڵا).
نەورۆز 5 پیشەگەری گواستووەتەوە
یانەی نەورۆز لە كاتی كردنەوەی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان دەستبەرداری 10 یاریزانی بووە، 5 یاریزانی پیشەگەریشی گواستووەتەوە.
1ـ ئیفیانی ئیفیانی ناوەراستكاری نێجیری تەمەن 33 ساڵ لە یانەی قیزلقومی ئۆزبەكیستانییەوە پەیوەندی بە نەورۆز كرد، پێشتر لە خولی جەزائیریش یاریی كردووە، زۆرترین یاریشی بە درێسی ئاكوا یونایتدی نێجیری بووە كە تێیدا لە كۆی 51 یاری، 2 گۆڵ و 5 ئاسیستیشی تۆمار كردووە.
2ـ وینلگتۆن دا سێلڤا تایرا، بەرگریكاری بەرازیلی تەمەن 29 ساڵ، لە یانەی یونیودكوری ئۆزبەكیستانییەوە بۆ یانە سوورپۆشەكەی سلێمانی گواسترایەوە.
3ـ محەمەد قاسم، ناوەراستكاری 27 ساڵانی لە یانەی كارستادی سویدییەوە هێنایە ریزەكانی، ئەم یاریزانە بە ڕەچەڵەك كوردە، بەڵام لە بەغدا لە دایكبووە.
4ـ ستیفن بافۆر پیشەگەری غانی 26 ساڵ، لە یانەی كەرخەوە پەیوەندی بە نەورۆز كرد، ئەم یاریزانە دوو تایبەتمەندی هەیە دەتوانێت وەكو ناوەراستكار یاریی بكات و رۆڵی هێرشبەریش بگێرێت. ئەزموونێكی زۆری لە خولی عێراق هەیە و پێشتر یاریی بۆ یانەكانی كارەبا، تەڵەبە و نەجەفیش كردووە. لە خولەكانی توركیا و كۆتدیڤوار و غاناش یاریی كردووە.
5ـ كڵاودیۆ ئۆلیڤێرا ماڕادۆنا، دوایین سووپرایزی نەورۆز بوو بۆ هاندەرانی، بەوپێیەی ئەم هێرشبەرە بەرازیلییە 29 ساڵانە وەرزی رابردوو یاریی بۆ یانەی نەورۆز كرد بوو خاوەنی 11 گۆڵی بوو، لە كاتی گواستنەوەی زستانە لە یانەی دیبا ئەلحسێنی ئیماراتییەوە گەڕایەوە نەورۆز.
جێگر عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، رایگەیاند كە لە گواستنەوەی زستانە دەستبەرداری 10 یاریزان بوونە.
زاخۆ 3 یاریزانی پیشەگەری گواستەوە
زاخۆ لە گواستنەوەی زستانە 3 یاریزانی پیشەگەری گواستەوە، گۆڕانكاری لە راهێنەری توانای جەستەیی و یاریدەدەری راهێنەریش كرد و دەستبەرداری دوو یاریزانی پیشەگەریش بوو.
1ـ داروین لۆپێز، ناوەراستكاری كۆلۆمبی 31 ساڵ لە یانەی دیپۆرتیڤۆ پاستۆ پەیوەندی بە زاخۆ كردووە، ئەم یاریزانە یەكەمین ئەزموونیەتی لە دەرەوەی وڵاتەكەی تاقی دەكاتەوە، تەواوی كاروانی وەرزشی رابردووی لە خولی كۆلۆمبیا بەسەر بردووە و یەكەمجارە بۆ یانەیەكی دەرەوەی وڵاتەكەی یاریی دەكات.
2ـ فرانك سیدریك ئەبوجۆ، ناوەراستكاری كامیرۆنی 28 ساڵ لە یانەی قوەجەوییەوە گواسترایەوە زاخۆ، پێشتر لە بۆ یەكەمجار لە 2022 لە رێگەی زاخۆ پەیوەندی بە خولی عێراق كرد، بەڵام دوای وەرزێك زاخۆ لە بەرژەوەندی یانەی كارەبا دەستبەرداری بوو، پاشان پەیوەندی بە قوە جەوییە كرد.
3ـ ناسر محەمەد، بەرگریكاری پیشەگەری یەمەنی 24 ساڵ لە یانەی محرەقی بەحرێنی هاتە ریزەكانی زاخۆ، ئەزموونێكی باشی لە خولی عێراق هەیە، بەوپێیەی پێشتر یاریی بۆ یانەكانی، نەفتی میسان، مینا، نەفتی وەسەت و شوڕتەش كردووە.
زاخۆ 5 یاریزانی بەڕێكردووە
یانەی زاخۆ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان دەستبەرداری 5 یاریزانی بوو، كە پێكهاتبوون لەم یاریزانانە (گۆستاڤۆ هێنریك هێرشبەر، كێلۆ سانتۆسی باڵی راست، مونتەزر عەبدولئەمیر باڵی چەپ، عەبدوڵڵا عەلەوی ناوەراستكار، موهەیمن سەلیم هێرشبەر).