پلاسخارت: دەبێت عێراق ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت
K24 – هەولێر:
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوژرانی خەڵکی سڤیل شۆکی کردین. هاوکات گوتیشی: دەبێت عێراق ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەمیانەی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان لە ناوچەکە واقیعێکی ناخۆشی دروستکردەوە، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن ئەوا هەوڵی جددی عێراق بۆ ئەوەی لە رابردوو کردووەیەتی بۆ ئاشتی و سەقامگیری شکست پێدەهێنێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راشیگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە عێراقدا هەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان ئەمەش وایکردووە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی سیاسی و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت.
پلاسخارت، ئاماژەی بەوەدا، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بنکەی ئەمەریکا لە ئوردن و سێ سەربازی ئەمەریکیان کوشت و چەندانی دیکەیان بریندار کرد.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دەڵێت: شۆک بووین بەو هێرشە مووشەکیانەی کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئێران کردیە سەر هەولێر، کە خەڵکێکی زۆر تێیدا کوژران، لە نێویشیاندا کچێکی بچووک هەبوو، عێراقیش بە شێوەکەی توند سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە.
پلاسخارت، گوتیشی: عێراق لە دۆخێکی ناهەمواردایە و رووبەڕووی چەندین ئالنگاری بووەتەوە، پێویستە هەموو هێرشەکان کۆتایین پێبهێندرێت و بوەستێندرێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جەختی لەوەش کردەوە، یەکێک لەو خاڵە ئەرێنییەکان کە بینیمان لە ماوەی ئەم چەند مانگە لە عێراق کراوە، ئەویش چاکسازییە لەناو سیستەمی بانکی و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتدا.
جنین پلاسخارت، ئاماژەی بەوەشکردەوە، مانگی داهاتوو عێراق دەبێتە یەکەم وڵات لە ناوچەکە کە یەکێک دەبێت لە ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی جیهان کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری دەبێت، ئەمەش وادەکات هەوڵەکان و دەرفەتەکانی بەردەم عێراق و کەرتی تایبەتی عێراق بەهێزتر بکرێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە لە عێراق هێرشەکان کۆتایی پێبهێندرێت، بۆ ئەوەی خەڵكیکی زیاتر بتوانن توانەکانی خۆیان بۆ بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە بەکاربهێنن.
لەبارەی گۆرانی کەشوهەوا لە عێراق، جنین پلاسخارت، رایگەیاند، عێراق وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە لە جیهان رووبەڕووی ئالنگاری گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، حکومەت هەندێک رێکاری پێوستی گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییە.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەندین جارە دوابخرێت، ئێستا چاوەڕێی رێککەوتێکی دیکەین دیاریبکرێت بۆ رۆژی هەڵبژاردن، هەروەها دواخستنی هەڵبژاردن باش نابێت بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ سەقامگیری عێراق.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، دەبێت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دەبێت هەرچی زووە مووچە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم بنێردرێت.
جنین پلاسخارت، لەبارەی داهاتووی خۆی لە عێراق گوتی: لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکەم دێت لە عێراق و ئەوەش کۆتا راپۆرتی من دەبێت بۆ ئەم ئەنجوومەنە لەسەر عێراق.