عەباس کازم: عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان دەدەن
K24 - هەولێر:
نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەدا، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاری جددی دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەبێت.
عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەمیانەی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێککەوتنێکی زۆر گرنگ، هاوکات گفتوگۆکانی نێوانیان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە.
نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش، راشیگەیاند، هەردوو حکومەت چەندین رێککەوتن گفتوگۆیان کردووە، بە تایبەت لەسەر پرسی بودجە و مووچە رێککەوتن لەنێوانیاندا هەیە.
عەباس کازم، دەڵێت: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.
نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەڵێت: حکومەتی عێراق لە ئاساتی وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی کار بۆ عێراقێکی بەهێزتر بکات، هەروەها لە رووی نێودەوڵەتییەوە هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی داوە.
عەباس کازم، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق هەوڵی جددی دەدات ئەو ئالنگاریانەی کە لە ناوچەکدا هەیە نەهێڵێت بۆ ئەوەی دۆخێکی باشتر بۆ ژیانی هاووڵاتییانی فەراهام بکات.
نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بێکاری گوتی: "حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە لە پێناوەشدا هەنگاوی باشی ناوە، هەروەها رێژەی بێکاری لە وڵات کەمکراوەتەوە و حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە".