ئەگوێرۆ نێهنییەك لەبارەی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا ئاشكرا دەكات

سێرخیۆ ئەگوێرۆ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا
سێرخیۆ ئەگوێرۆ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا

سێرخیۆ ئەگوێرۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بۆ یەكەمجار ساتی پشت رۆییشتنی لیۆنێل مێسی هاونیشتیمانی لە یانەی بارسێلۆنا ئاشكرا دەكات، كە ئەوكات ماڵئاوایی لیۆ لە هاوینی 2021 لە بارسێلۆنا بووە سووپرایزێك و جیهانی هەژاند.
سێرخیۆ ئەگوێرۆ یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی لە 2021 گرێبەستەكەی لەگەڵ مان سیتی كۆتایی هات لەبەرخاتری مێسی هاوڕێی پەیوەندی بە بارسێلۆنا كرد، بەڵام خەونی یاریكردنی هاوشانی مێسی هەر بە خەون مایەوە و نەهاتە دی.
لیۆنێل مێسی لە هاوینی 2021، بەهۆی قەیرانی دارایی بارسێلۆنا، یانەكە نەیتوانی ناوی لە لیستی یاریزانانی تیپەكە بۆ بەشداریكردن لە لالیگا تۆمار بكات، بەمەش گرێبەستەكەی نوێ نەكرایەوە و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان كرد، دوای دوو ساڵ یاریكردن لە پاریس روویكردە ئینتەر مەیامی.
سێرجیۆ ئەگوێرۆ لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی دا كە بەشێك لە قسەكانی لە پێگەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا بڵاوكردەوە كە تێیدا باسی ئەو ساتە دەكات كە هەواڵی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنایان پێگەیشت.
سێرخیۆ ئەگوێرۆ هاوڕێی نزیكی لیۆنێل مێسی لەمبارەیەوە دەڵێـت: لەگەڵ ئیبای هاوڕێم كە یوتیوبەرێكی بەناوبانگی ئیسپانیایە خەریكی خواردنەوە بووین، هەردووكمان لەوێ هەواڵەكەمان زانی، سەرەتا باوەڕمان بەو هەواڵە نەكرد، وتمان ئەوە تەنیا فێڵ و گاڵتەیە و درۆیە، بۆیە یەكسەر پەیوەندیم بە مێسی كرد، لە لیۆم پرسی گوتم ئەو هەواڵە راستە؟ لیۆ گوتی: بەڵێ. بۆیە منیش هیچم نەگوت، نەمدەزانی لەوساتەدا چی بڵێم.
ئەگوێرۆ گوتیشی: كاتێك هەواڵەكەم بیست یەكسەر ئیبا بە درێژایی رۆژ هەوڵی دەدا گاڵتەم پێبكات، چونكە هەموو جیهان دەیزانی من زیاتر لەبەرخاتری مێسی بارسێلۆنام هەڵبژارد، كەچی لیۆش بارسای جێهێشت، بۆ من ساتێكی ناخۆش و لەبیرنەكراو بوو.
سێرخیۆ ئەگوێرۆی 35 ساڵ، لە مانگی 7ـی 2021 پەیوەندی بە بارسێلۆنا كرد، لە هەمان ساڵ دوای تەنیا چوار مانگ بە یەكجاری وازی لە یاریكردن هێنا.

لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئیبای یوتیوبەری بەناوبانگی ئیسپانیا
لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئیبای یوتیوبەری بەناوبانگی ئیسپانیا