دەربەندیخان و پێشمەرگە رۆژێكی مێژووییان تێپەڕ كرد
لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان چوار یاریی بەڕێوەچوون، پێشمەرگەی هەولێر ئەم هەفتەیەش سەركەوتنی تۆمار كرد، یانەی ئاكرێش بۆ دووەمین یاریی لەسەریەك تووشی شكست بوو، دەربەندیخانیش قەرەبووی شكستەكەی هەفتەی رابردووی كردەوە و 3 خاڵی بە نرخی بەدەستهێنا.
دەربەندیخان ـ سیروانی نوێ
لە نێو یاریگەی مەحموودی مامەعەزە دەرەندیخان میوانداریی سیروانی نوێی نوێنەرەكەی سلێمانی كرد، لە خولەكی 42 ماركۆ محەمەد ئەستێرەی لاوی دەربەند بە ئاسیستی ئەنوەر ماجد گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی شینپۆشەكانی دەربەند كۆتایی هات.
لە كۆتاییەكانی نیوەی دووەم پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات میران محەمەد ناوەراستكاری دەربەندیخان گۆڵی دووەمی یانەكەی لە دژی سیروانی نوێ تۆمار كرد كە لە قۆناغی یەكەم یاریی بۆ ئەو یانەیە دەكرد.
سیروانی نوێ بە 29 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە پلەی سێیەم مایەوە، لە ئەگەری بردنەوەی چوارقوڕنە چەند هەنگاوێك لە ركابەریكردنی نازناوی خولی نایابی كوردستان دووردەكەوێتەوە.
پێشمەرگەی هەولێر ـ رانیە
پێشمەرگە بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەك لە نێو یاریگەی خۆی یاریی كرد، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە 4 گۆڵی بێوەڵام لە دهۆكی بردەوە، ئەمجارەیان لە نێو هەمان یاریگە میوانداریی رانیەی كرد، یارییەكە لە نیوەی یەكەم بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
دوای تێپەڕبوونی 15 خولەك لە دەستپێكی نیوەی دووەم، عەبدوڵڵا سەربەست جەنگاوەرە دێرینەكەی پێشمەرگە بە لێدانێكی بەهێز لە خولەكی 60 تۆڕی گۆڵی رانیەی هەژاند.
هەولێر ـ ئاكرێ
ئاكرێ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان و لە نێو یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری بووە میوانی یانەی هەولێر، لە خولەكی 9ـی دەستپێكی یارییەكە هەولێر لە رێگەی عەلی كاروانی ئەستێرەی لاوی یانەكە گۆڵی پێشكەوتنی كرد، یارییەكەش بە درێژایی 90 خولەكی یارییەكە بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی هەولێرییەكان كۆتایی هات.
هەولێر شەشەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا، لەبەرامبەردا ئاكرێ لەم وەرزە تووشی شەشەمین شكست بوو.
زاخۆ ـ شەقڵاوە
زاخۆ دوای یەكسانوونەكەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر سیروانی نوێ، ئەمجارەیان لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی شەقڵاوەی كرد، بە درێژایی 90 خولەكی یارییەكە هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی یەكتر بهەژێنن، زاخۆ لە كۆی 19 یاری، 12 یەكسانبوونی تۆمار كرد، بە 27 خاڵ پلەی حەوتەمی گرتووە، لە بەرامبەردا شەقڵاوە بە 18 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە پلەی چواردەیەم دێت.
بڕیارە سبەی یەكشەممە چوار یاریی دیكە لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی كوردستان بەڕێوەبچێت كە تێیدا لە یاریی لوتكەدا چوارقوڕنە میوانداریی شێروانە دەكات، هەندرێن و ئارارات رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، سۆرانیش بۆ رووبەڕبوونەوەی دهۆك سەردانی بادینان دەكات، برایەتیش لە شارەزوور دەبێتە میوانی سەیدسادق، سەرجەم یارییەكانیش لە كاتژمێر 02:30ـی ئێوارە دەكرێن.