کاردانەوەکانی مردنی ناڤاڵنی؛ ئەمەریکا و ئۆکرانیا پوتن تۆمەتبار دەکەن

دانانی گوڵ بۆ وێنەی ئەلێکسی ناڤاڵنی لە سانت پیترسبۆرگ و بە رووسیش نووسراوە "خۆشەویستی بەهێزترە لە ترس" / وێنە: رۆیتەرز
دانانی گوڵ بۆ وێنەی ئەلێکسی ناڤاڵنی لە سانت پیترسبۆرگ و بە رووسیش نووسراوە "خۆشەویستی بەهێزترە لە ترس" / وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا کە بە رەخنەگری سەرسەختی سیاسەتەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرا، لە تەمەنی 47 ساڵی لە زیندان گیانی لە دەستدا.

رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) کاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە و ئێستا کار لەسەر پشتڕاستکردنەوەی دەکەین، نزام بۆ خانەوادەی و هاوژینەکەیەتی، ئەگەر ئەو مردنە پشتڕاست بکرێتەوە ئەوە ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ توندوتیژی پوتن، هەر چیرۆکێک بگێڕنەوە، رووسیا بەرپرسیارە و دواتر لێدوانی زیاترمان دەبێت".

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێویستە واشنتن چاوەڕێی پشکنینەکانی پزیشکی دادی بێت نەک تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی رووسیا بکات.

هاوکات لەلایەن خۆیەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلینیسکی لە لێدوانێکدا لەبارەی مردنی ناڤاڵنی رایگەیاند: پوتن باکی بە مردنی کەس نییە تەنیا دەیەوێت خۆی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە کۆتایی بەجەنگ بهێندرێت و لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە، رووبەڕووی سزا بکرێتەوە.

رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) ئاژانسه‌ هه‌واڵییه‌كانی رووسیا بڵاویانكرده‌وه‌، ئەلێكسی ناڤاڵنی، سه‌ركرده‌ی بەرھەڵستكاری رووسی له‌ناو زینداندا گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئەلێکسی ئاناتۆلیڤیچ ناڤاڵنی پارێزەر و چالاکوانێکی دژی گەندەڵی بووە و سەرۆکی حزبی رووسیای داهاتوو بووە و چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە وڵاتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە، هەروەها حزبی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی بە حزبێکی گەندەڵ تۆمەتبار کردووە و چەندین خۆپیشاندانی لە رووسیا رێکخستووە.

لە 2018 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کاندید کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر بە دزیکردن تاوانبار کرا داواکارییەکەی بۆ خۆکاندیدکردن رەتکرایەوە. هەروەها لە ساڵی 2020 ژەهرخوارد کرا و نێردرایە بەرلین تا چارەسەری پزیشکی وەربگرێت و ناڤاڵنی ڤلادیمێر پوتنی بە ژەهرخواردکردنەکە تۆمەتبار کرد.

ئەلێکسی ناڤاڵنی لە ساڵی 2021 گەڕایەوە بۆ رووسیا و دەستبەجێ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی گەندەڵی و دزیکردن سزای 11 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەر سەپێندرا، دواتر لە 2023 بە تۆمەتی پێکهێنانی رێکخراوی توندڕەو و پارەدارکردنی توندڕەوان جارێکی دیکە سزای 19 ساڵ زیندانی کردنی بەسەر سەپێندرا دواتر دوورخرایەوە بۆ زیندانی هەرێمی یامۆلۆ نێنێتس و لەوێ بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی گیانی لە دەستدا.

ناڤاڵنی لە کۆتایی ساڵی رابردوو گواسترایەوە بۆ زیندانێک لە ناوچەی یامالۆ نێنێتس لە باکووری رووسیا و دوایین بڵاوکراوەشی لە کەناڵی تێلێگرامەوە لە رۆژی ڤالانتایندا بوو لە رێگەی تیمە پارێزەرەکانییەوە رێزلێنانێک بوو بۆ یولیا ناڤاڵنایای هاوژینی.