بەشێک لە بەرد و خۆڵی قەڵای هەولێر به‌هۆی بارانبارینه‌وه‌ داڕما

قەڵای هەولێر
قەڵای هەولێر

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارین لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەشێک لە بەرد و خۆڵی قەڵای هەولێر داڕمان.

ئەمڕۆ شەممە (17ـی شوباتی 2024) رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەو بەردانەی لە قەراخی قەڵای هەولێردان بەهۆی بارانبارینی بەردەوامی ئەو چەند رۆژە داڕمان.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەو داڕووخانە تەنیا ئۆتۆمبێلێک زیانی پێگەیشتووە کە لە قەراخی قەڵاکە راگیرابوو، هاوکات تیمەکانی شارەوانی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە قەراخی قەڵاکە ئۆتۆمبێل رانەگرن بۆ ئەوەی بەدوور بن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت، هەروەها ئەم شەپۆلەی دابارینە تا رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.